عێراق لە وڵاتی سعودیە بەرامبەر ئیمارات یاری دەكات

KNN : Kurdish News Network
10:01 - 23/03/2022
وەرزش
+
-

گەڕی نۆیەم لە قۆناغی دووەمی كۆمەڵەكانی پاڵاوتن بۆ هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئاسیا ئەنجامدەدرێت و هەڵبژاردەی عێراقیش لەبەردەم یارییەكی چارەنوسسازدایە.

شەوی پێنجشەممە كاتژمێر 8 بە كاتی هەولێر، یاریگای مەلیك فەهد لە شاری ریازی سعودیە دەبێتە مەیدانی بەیەكگەیشتنی هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیمارات.

ئەم یارییە بڕیاربو بۆ یەكەمجار لە یاریگای مەدینە لە شاری بەغداد ئەنجامبدرێت و هەموو ئامادەكاریەك بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە كرابو، بەڵام هێرشە موشەكییەكەی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر، وای لەبەرپرسانی فیفا و یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا كرد، ئەو یارییە بگوازنەوە بۆ یاریگایەكی بێلایەن و وڵاتی سعودیە بۆ ئەنجامدانی یارییەكە دەستنیشانكرا.

هەڵبژاردەی عێراق لە 8 یاریی رابردوودا، نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەك تۆماربكات و بە كۆكردنەوەی 5 خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتووە، بۆیە هەموو هیوایەكی بۆ گەیشتنە بە پلەی سێیەمی ریزبەندی تا بتوانێت بەشداری لە پاشكۆی پاڵاوتنەكاندا بكات و هیوای سەركەوتنی بۆ مۆندیال هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت سەركەوتن بەسەر هەڵبژاردەی ئیماراتدا تۆماربكات، لەكاتێكدا ئەو هەڵبژاردەیە خاوەنی 9 خاڵەو لە پلەی سێیەمی ریزبەندی كۆمەڵەكەدایە.

هەڵبژاردەی عێراق بۆ گەیشتن بە پلەی سێیەم ئەركی قورسەو بۆ بەدەستهێنانی ئەو پلەیە هاوكێشەیەكی ئاڵۆز چاوەڕوانیەتی، چونكە دەبێت یاریەكەی لە هەڵبژاردەی ئیمارات بباتەوەو لەكۆتا گەڕیشدا سەركەوتن لە بەرامبەر هەڵبژاردەی سوریا تۆماربكات، بەو مەرجەی ئیمارات لەكۆتا گەڕدا بە هەڵبژاردەی كۆریای باشور بدۆڕێت یان یەكسانببێت.

هاوكات هەڵبژاردەی لوبنان لە یەكێك لە دوو یاریەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەكانی سوریاو ئێران شكست بهێنێت، چونكە لوبنان بە جیاوازی خاڵێك لەپێش هەڵبژاردەی عێراقەوەیە، واتە بەدەستهێنانی پلەی سێیەم بۆ شێرەكانی رافیدەین ئاسان نابێت، بەڵام لەكاتی دۆڕانی ركابەرەكانی لەكۆتا دوو گەڕی یاریەكاندا، ئەوا پلەی سێیەم وەردەگرێت و هیوای گەیشتنی بە مۆندیالی ئەمساڵ بۆ دەگەڕێتەوە.

عێراق بۆ ئەم یارییە راهێنەری گۆڕیوەو بۆ یەكەمجار لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال عەبدولغەنی شەهد راهێنەرایەتی دەكات، ئەو راهێنەرە بەوە ناسراوە زیاتر پشت بە یاریزانانی ناوخۆی عیێراق دەبەستێت و چەند یاریزانێكی پیشەگەریشی بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كردوە.

186 جار خوێندراوەتەوە