لە (24)ى مانگى شوباتى رابردوەوە، بەبڕیارى فلادمێر پوتین، سەرۆکى روسیا،
ئۆپەراسیۆنى هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا دەستى پێکرد، ئەمڕۆ کە (12) رۆژ بەسەر
جەنگەکەدا تێدەپەڕێت، زیاتر لە یەک ملیۆن و (500) هەزار هاوڵاتى مەدەنى ئۆکرانى،
خاکى وڵاتەکەیان بەرەو وڵاتانى دیکە، بەتایبەت بەرەو پۆڵەندا جێهێشتووە و نزیکەى
(200) هەزار کەسى دیکەش لەناوخۆدا ئاوارەبوون.
پرسیارى سەرەکى لێرەدا، لەبارەى چۆنیەتى کۆتایى هاتنى جەنگەکەیە، چونکە
جەنگەکە تەنها کاریگەرى لەسەر ئۆکرانیا و روسیا دروستنەکردووە، بەڵکو کاریگەرییە
ئابورییەکانى تەواوى وڵاتانى ئەوروپى و وڵاتانى ناوچەکەشى گرتۆتەوە.
لێرەدا پێنج سیناریۆ لەبارەى چارەنوسى
جەنگەکەوە دەخەینەڕو، کە ئەم سیناریۆیانە لەلایەن ژمارەیەک لە توێژەر و دەزگاى
تایبەت بە بیرکردنەوەوە، خراونەتەڕو.
کەوتنى پوتین
کەوتنى پوتین، سیناریۆى یەکەمە کە ئەمە هیواى ئەوروپا و ئەمەریکایە، ئەوەش
لە ئەنجامى ئەو سزایانەى لەلایەن ئەوروپا و ئەمەریکاوە بەسەر روسیادا سەپێنراون،
ببێتە هۆى کەوتنى ئابورى روسیا و لەوێشەوە ئاستى ناڕەزایەتى شەقام و سوپاى روسى
زیاتر بکات کە ببێتە هۆکارى ئاوابونى خۆرى پۆتین و شەڕەکە بە شکستى پۆتین و مۆسکۆ
کۆتایى بێت.
کەوتنى ئۆکرانیا
سیناریۆى دووەم، کەوتنى ئۆکرانیایە کە ئەمە هیوا و ئامانجى روسیایە، بەپێى
ئەم سیناریۆیە، روسیا لە جەنگى کۆنتڕۆڵکردنى ئۆکرانیادا سەرکەوتو دەبێت و لەرێگەى
سوپاوە دەستبەسەر ئەو وڵاتەدا دەگرێت و حکومەتێکى نوێى نزیک لە مۆسکۆ لە کێڤ دروست
دەکات.
بەرخودانى ئۆکرانیا
وەک لەسەرەتاى هێرشەکەى روسیادا دەرکەوت، سوپا و گەلى ئۆکرانیا بەرامبەر
هێرشەکانى روسیا بەرخودان و خۆڕاگرییەکى بێوێنەیان ئەنجامدا، بەپێى ئەم سیناریۆیە
ئۆکرانیا بە هاوکارى وڵاتانى رۆژئاواو و ئەمەریکا، روسیا دەخزێنێتە ناو شەڕى کۆڵان
بەکۆڵان کە ئەمەش دەبێتە هۆى دروستبونى شەڕێکى درێژخایەنى پارتیزانى و لە ئەنجامدا
ئۆکرانیا سەرکەوتن بەسەر روسیادا بەدەستبهێنێت.
فراوانبونى جەنگ
بەپێى ئەم سیناریۆیە، ئەگەرى ئەوە هەیە جەنگەکە بچێتە ناو وڵاتى ئەندامى
ناتۆ کە پێشتر سەربە یەکێتى سۆڤێت بوون، لەوانە (ئیستۆنیا، لیتوانیا، لاتیڤیا و
چەند وڵاتێکى دیکەى هەرێمى)، بەپێى ئەو سیناریۆیە دەبێتە هۆکارێکى بەهێز بۆ شەڕێکى
بەرفراوان و سەرکێشانى بۆ جەنگى جیهانى سێیەم.
جەنگى ئەتۆمى
جەنگى ئەتۆمى، دەنگە مەترسیدار و وێرانکەرەکەیە، پوتین، یەکشەممەى پێشوتر
فەرمانیدا کە ناوەندەکانى چەکى ئەتۆمى بخرێتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە، ئەمەش مەترسى
سەرهەڵدانى شەڕێکى ئەتۆمى دەهێنێتە ئاراوە، لەوبارەیەوە توێژەرەکان دەڵێن: لەلایەن
روسیاوە بۆ بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمى هیچ ئامادەباشییەک نییە، بەڵکو ئەو فەرمانەى
پۆتین بۆ ترساندنى رۆژئاوایە، چونکە بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمى نەک بۆ ئۆکرانیا و
ئەوروپا بەڵکو بۆ روسیا و تەواوى جیهان جێگاى مەترسییە.
1358 جار خوێندراوەتەوە