وێنە؛ کاروانسەرای کۆیە مێژویەکی دێرین لە لێواری لە ناوچوندا

KNN : Kurdish News Network
02:21 - 24/02/2022
گەلەری

کاروانسەرای کۆیە، بەشی زۆری دیوار و بنمچی بینا و ژورەکانی داڕووخاون و ئەگەر بەزوویی نۆژەن نەکرێتەوە، مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

شوێنەوارناس، هێمن نەعمان کاوێس دەربارەی خانەکە وتى، " ئەم شوێنە بە خانی مەحمود ئاغا ناسراوە، ساڵی (1862) لە سەردەمی فەرمانرەوایی عوسمانییەکاندا، لەلایەن مەحمود ئاغای غەفوری کە گەورەی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی کۆیە بووە دروستکراوە.

دەشڵێت: مەبەست لە دروستکردنی ئەم شوێنە بۆ ئەوەبووە کۆیە یەکێک بووە لە سەنتەرە بازرگانییەکانی سەدەکانی هەژدەهەم، نۆزدەهەم و تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش لە ناوچەکە، خاڵی بەیەکگەیاندنی قەڵادزێ، سەردەشت، کەرکووک و هەولێر بووە و کەلوپەل کە هێنراوە لێرە بازرگانەکان ماونەتەوە کەرەستەکانیان هەڵگرتووە تا دواتر گەیەندراوەتە سەر زێی بچووک و لەوێوە نێردراوە بۆ شارەکانی دیکە.

هێمن نەعمان کاوێس باسى لەوەشکرد، ئەوەی کە یارمەتی کۆیەی داوە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی لە سەردەمی کۆندا، هەڵکەوتە جوگرافییە ستراتیجییەکەیەتی، خاڵی بەیەکگەیشتنی هەولێر، سلێمانی و کەرکووکە، کەوتووەتە چەقی بەیەکگەیاندنی ئەو سێ پارێزگایەوە. خاڵێکی دیکەی گرنگی کۆیە هەبونی زێی بچووکە کە بەشی زۆری کەلوپەلە بازرگانییەکانی ناوچەکە لەوێدا کۆکراوەتەوە و لەوێشەوە گواستراوەتەوە بۆ پردێ و لەوێشەوە براوە بۆ کەرکوک و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

شوێنەوارناس، هێمن نەعمان کاوێس دەربارەی ئەو کەرەستانەی لە کۆیە بازرگانی پێوە دەکرا ئاماژەى بەوەکردن زۆرترین ئەو کەرەستانەی کە لێرە بازرگانی پێوەکراوە، لەم ناوچەیەوە پێستە، دانەوێڵە و توتن نێردراوە بۆ شارەکانی عێراق و لەوێشەوە کوتاڵ، جلوبەرگ، خورما، خوێ و هەندێک پێداویستی دیکە هاوردەکراون بۆ ئەم ناوچەیە.

ئەم خانە بۆ ئەوە دروستکراوە وەک کاروانسەرا بەکارهاتووە، خانەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە (60) ژوری تێدایە، شێوەی نیمچە چوارگۆشەیی هەیە، روبەرەکەی هەزار و (122) مەتر چوارگۆشەیە، ژورەکانی دابەشبون بەسەر هەرچوارلای بیناکەدا، ژوورەکانی بەشی سەرەوەی بیناکە وەک شوێنی مانەوەی کاروانچییەکان و نووسینگەی بازرگانەکان بەکارهاتووە، هەمو ژورەکانی ئاگردان و پەنجەرەی رێکیان تێدایە و بەشێوەیەکی خاوێنتر دروستکراون، زۆرینەی بەشی خوارەوەی بیناکەش وەک کۆگا بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلی بازرگانەکان و بەشێکیشی وەک تەویلەی ئاژەڵەکان بەکارهاتووە لە هەندێ ژوورەکاندا ئێساش پاشماوەکان ماون. هێمن نەعمان واى وت.

لە وەڵامی ئەوەی ئەم شێوازە خانە لە شوێنی دیکە هەیە، ئەو شوێنەوار ناسە ئاشکرایى کرد، لە زۆرینەی شارەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە خان هەبووە بۆ نموونە لە کفری، سلێمانی و هەولێر. لە کۆیە خانی دیکەش هەبووە، بەڵام بەداخەوە هەمویان تێکدراون و تەنیا ئەم خانەمان ماوە وەک نموونە.

دەربارەی هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوەی خانەکە وتى،" لەئێستادا وەک فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە بە هاوکاری رێکخراوی وادی ئەڵمانی و بە پاڵپشتی دەزگای ئەلیفی نێودەوڵەتیی کە پشتگیری پرۆژەکانی بنیاتنانەوەی شوێنەوار دەکات لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، بەرنامەمان هەیە بۆ دوبارە نۆژەنکردنەوەی خانەکە و دوبارە بەکارهێنانەوەی تا رادەیەکی زۆر بۆ هەمان ئەو مەبەستەی لە کۆندا بەکارهاتوە لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری سەردەم کە پێویستە بگونجێندریت".

لە وەڵامی ئەوەی پلانی دوای نۆژەنکردنەوەی بەکارهێنانی خانەکە چییە، شوێنەوارناسەکەى کۆیە رونیکردەوە، پلانیان هەیە هەندێک بەش و ژوری تەرخان بکرێت بۆ کافتریایەکی کەلەپوری و بەشێکی بۆ شوێنی پیشە دەستییەکان تەرخان دەکرێت کە لە کۆندا باوبوە وەک ناڵبەندی و کورتاندوری و هەندێک پیشەی دیکە کە هەوڵدەدەین لەگەڵ پیشەوەرەکانی کۆیە ئەو کارە بکەن، پلانیشیان هەیە هەندێک ژوری تەرخان بکەن وەک مۆزەخانە، بەڵام هەموو ئەمانە دەکەوێتە سەر چۆنییەتی نۆژەنکردنەوەکەی و رەزامەندی خانەکەی و دەزگای شوێنەوار.

رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی کۆیە دەکەن، ئەو شوێنانەش کە دەیانەوێت بیبینن خانی کۆیە، قشڵەی کۆیە و هەندێک بینای دیکەی کەلەپوورییە وەک قەیسەری و مزگەوتی گەورە، بەشێوەیەکی بەردەوام گەشتیاری بیانی دێن، هەروەها سەردانکەرانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش زۆر دێن بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ گرووپە گەشتیارییەکان دێنە کۆیە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن.

فۆتۆ؛ AA

251 جار خوێندراوەتەوە