پسپۆڕێکى نەخۆشیەکانى منداڵان رایدەگەیەنێت: بۆ ئەوەى منداڵ وزە و بەرگرى باشى هەبیت و لە نەخۆشییەکان بەدور بێت، دەبێت لە خواردنی بازاڕەکان بەدوربێت.
د.پشدەر عەبدوڵا، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى منداڵان، لە بەرنامەى بەیانیانى کەناڵى (KNN)دا، کە تایبەت بوو بە پارێزگاریکردنى منداڵان لە پەتا وەرزییەکان، ئاماژەى بەوەکرد، خواردنى شلەمەنى بۆ منداڵ لەم وەرزەدا گرنگە، هاوکات لەبەرئەوەى خۆر کەمتر بەدەرەوەیە لەم وەرزەدا، خواردنى هێلکە و شیر بۆ ڤیتامین (c) گرنگە، هەموو ئەو خواردنە سروشتییانەى ئامادە دەکرێن لە ماڵەوە، بەشیوەیەکى پێویست بۆ منداڵ گرنگن بۆ پارێزگاریکردنى لە پەتا وەرزییەکان.
سەبارەت بە خواردنى دەرەوەش هۆشداریدا و وتى: خواردنى دەرەوە تەندروست نین و دەبێت منداڵ دووربکەوێتەوە لە خواردنیان، بەتایبەت خواردنى فاستفود و جۆرەکانى، هاوکات خواردنى (چپس و کۆلا و ئیندۆمى ) خواردنى باش نین بۆ منداڵ.
ئەو پسپۆڕى نەخۆشییەکانى منداڵان جەختیش لەوە دەکاتەوە، بۆ ئەوەى مندڵ سیستەمى بەرگری بەهێزبێت لەم وەرزەدا، خواردنى میوە و شیر باشترین خواردنى بەسودن بۆ بەرگرى بەرزکردنەوە، هاوکات نابێت منداڵ جلى زۆرى لەبەربکرێت و عارەق بکاتەوە، گرنگە لە کەشێکى نە گەرم و نە سارددا بیت و کەشەکەى فێنک بیت.
375 جار خوێندراوەتەوە