حکومەتی هەرێم داشکاندنی 15٪ بۆ هاوڵاتیان رادەگەیەنێت

KNN : Kurdish News Network
06:21 - 19/01/2022
ئابوری

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە داشكاندنی رێژه‌ی 15% له‌و پێشینانه‌ی حكومه‌ت كه‌ له‌ لای هاوڵاتییانه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌زیری دارایی و ئابووریش فراوانده‌كرێت بۆ پێشكه‌شكردنی هه‌موو جۆره‌ ئاسانكارییه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان به‌ شێوازی قیستیشه‌وه‌ بۆ پێدانی باج و ره‌سمی كه‌ڵه‌كه‌بو.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردراوە بەدواداچوون بۆ بابەتی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و لێخۆشبوونی گومرگی و رێکخستنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییەکان بکرێت.

لە بڕگەی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران ئەو پێشنیارانەی پەسەند کرد کە خرانەڕوو بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هاوڵاتییان لە دانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆیانە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، تا وەک داهاتی گشتی جارێکی دیکە خەرجبکرێتەوە بۆ خەرجییە گشتییەکان و بەرژەوەندیی هاوڵاتیيان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، کە پێشنیارەکان بریتی بوون لە داشکاندنی رێژەی 15% لەو پێشینانەی حکومەت کە لە لای هاوڵاتییانە وەک پێشینە خانووبەرە  و سندوقی نیشتەجێبوون و پێشینەی هاوسەرگیریی و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری بە مەرجێک هاوڵاتییان ئامادەبن تا 90 رۆژی کار لە رێکەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەواوی بڕی پێشینەکانی بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، ئەم داشکاندنە بە رێژەی 15% پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ( شەاروانییەکان، گەشتوگوزار، ئاو) و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە، هەروەها لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و رەسمی کەڵەکەبوو بەمەرجێک تەواوی باج و رەسم بدرێت بە حکومەت لە ماوەی هاتوو لە بڕگەی سەرەوە.

هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە پێدان و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بە شێوازی قیستیشەوە بۆ پێدانی باج و رەسمی کەڵەکەبوو، بە مەرجێک داواکاریی بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت لە ماوەی دەستنیشانکراو.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وردەکاری پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان خرایەڕو و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، کە بە هەماهەنگيی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان به‌رده‌وامن‌ له‌ دابه‌شكردنی نه‌وت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هاوڵاتییاندا و تاكو ئێستاش نزیکەی 67,248,98 ملیۆن لیتری دابین كردووه‌‌.

758 جار خوێندراوەتەوە