ئەمشەو کاتژمێر (10:00) بەکاتى هەولێرى پایتەخت، یاریگاى شا فەهد لە ریازى
پایتەختى سعودیە، دەبێتە مەیدانى ململانێى هەردو زلهێزەکەى ئیسپانیا (ریاڵ مەدرید
و بەرشەلۆنە)، ئەوەش لەمیانى بەڕێوەچونى یارییەکانى جامى سۆپەردا.
تۆپەکە، لەدواى فیکەى لویس مونوێرا مۆنتێرۆى ناوبژیوان دەجوڵێنرێت و جیهان تێکەڵى
دیمەنەکانى کلاسیکۆ دەبێت کە یەکێکە لە روداوە هەرە بەچێژەکانى تۆپى پێ.
بەرشەلۆنە، لە دواى رۆشتنى میسى لە دۆخێکى خراپدایە، سەرەڕاى هاتنى چاڤى
وەک راهێنەرى یانەکە، بەڵام برینەکانى یانە کەتەلۆنییەکە ئەوەندە قوڵن تائێستا
نەتوانراوە چارەسەر بکرێن، چاوەڕوانیش دەکرێت ریاڵ مەدرید خوێ بە برینەکانى جەستەى
رکابەرەکەیدا بکات و کێشەکانى قوڵتر بکاتەوە.
بەپێچەوانەى بلوگرانا، یانەى مێرەنگى بە رابەرایەتى ئەنشیلۆتى ئاست و ئەنجامەکانى
جێگیرن و لە کاتێکدا دێتە ناو یاریگاى شا فەهدەوە کە بە جیاوازییەکى زۆر لە خولى
ئیسپانى لە پێش بەرشەلۆنەوەی رکابەرییەتى و دۆخى یانەکە و ژورى جلگۆڕینى سەقامگیر
و ئارامە.
ئەمشەو، چاوەکان لەسەر ڤینیسیۆس جۆنیۆرى لاو دەبن کە ئێستا بە باشترین ساتى
وەرزشىدا تێدەپەڕێت و نرخەکەى بۆ زیاتر لە (100) ملیۆن یۆرۆ بەرز بۆتەوە، پێشبینى
دەکرێت بەهاوکارى بنزیما سەرئێشەیەکى قورس بۆ یاریزانانى بەرشەلۆنە دروست بکەن.
هەرچەندە، بەرشەلۆنە بە دۆخێکى قورسدا هەنگاو دەنێت، بەڵام روبەڕوبونەوەى
کلاسیکۆ لە نێوان ئەم دوو زلهێزە جیاوازە و تایبەتمەندى خۆی هەیە، بۆیە ئەگەرى
رودانى هەر ئەنجامێک لە بەرژەوەندى بەرشەلۆنە جێگاى سەرسوڕمان نابێت، هەروەک چۆن ئەنشیلۆتى
راهێنەرى بەئەزمونى ریاڵ لە پێش یارییەکە وتى،" یارییەکە بە بێ گۆڵ دەستپێدەکات
و هەموو ئەنجامێکیش ئەگەرى رودانى هەیە".
هەردو یانە، لە جامى سۆپەردا (14) جار روبەروى یەکترى بونەتەوە، ریاڵ
مەدرید بە بردنەوەى هەشت کلاسیکۆ پێشەنگە و بەرشەلۆنەش چوار یارى لە بەرژەوەندى
خۆى یەکلایى کردۆتەوە و لە دوو کلاسیکۆشدا یەکسان بون.
398 جار خوێندراوەتەوە