راگەیاندنى فەرمى پەرلەمانى عێراق، دواخستنى دانیشتنى یەکەمین کۆبونەوەى
خولى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتژمێر چوارى دوانیوەڕۆ، راگەیاند. نێردراوى (KNN)یش، زانیارى ورد لەبارەى دۆخى کۆبونەوەکەوە
دەخاتەڕو.
راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق، بڵاویکردەوە، بەهۆى دانیشتن و گفتوگۆکردنى لایەنەکان
بۆ رێککەوتنى پێشوەختە، جارێکى دیکە دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بۆ کاتژمێر (04:00)ى
دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، دواخرا.
دواخستنى دانیشتنى خولى نوێى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە کاتێکدایە، بڕیاربوو
کاتژمێر (11:00)ى ئەمڕۆ، دانیشتنى یەکەمى خولى نوێى پەرلەمانى عێراق بەڕێوە بچێت،
بەڵام بەپێى راگەیاندنى فەرمى پەرلەمان، کۆبونەوەکە کاتژمێرێک دواخرا، دواتریش بۆ
جارى دووەم بۆ کاتژمێر (03:00)ى دوانیوەڕۆ دواخرا و لە ئێستاشدا بۆ کاتژمێر
(04:00)ى دوانیوەڕۆ دواخرا.
لەبارەى دواخستنى کۆبونەوەکەوە، شیراز رەئوف نێردراوى (KNN) لە بەغداد وتى،" لە ئێستادا فراکسیۆنەکان
لە کۆبونەوەدان بۆ ئەوەى بگەن بە رێککەوتنى پێشوەختە، پێش ئەوەى بچنە هۆڵى کۆبونەوە.
ئاشکراشى کرد، پەرلەمانتارەکانى سەر بە رەوتى سەدر بە جل و بەرگى سەرایە سەلام
و ئاماژەى سەربازییەوە هاتوون، ئەمەش دۆخێکى ئەمنى دروستکردووە و نیگەرانى لایەنەکانى
لێکەوتوتەوە.
نێردراوى کەى ئێن ئێن، باسى لەوەشکرد، سونەکان جگە لە محەمەد حەلبوسى خەمیس
خەنجەر کە رێککەوتنیان کردووە، لایەنەکانى دیکە کێشەیان هەیە و ئەوانیش داواى پۆستى
سەرۆکى پەرلەمان دەکەن.
پێشتریش نێردراوى (KNN)،
باسى لەوەکردبوو، لەبارەى ئەگەرى دواخستنى دانیشتنى ئەمڕۆ، شیراز وتى، ئەگەرى بەهێز
ئەوەیە کۆبونەوەکە لە ئەمڕۆدا، نەکرێت و دوابخرێت.
390 جار خوێندراوەتەوە