بۆ چارەسەرکردنى کێشەى رێگاوبانەکان وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە پرۆژەیەک ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:20 - 26/12/2021
ڕاپۆرت
+
-

سەرەڕای بونی داهاتێکی زۆری هاتوچۆ لە ڕوسومات وسزاکانی سەرپێچی بەتایبەت سەرپێچی کامێرا ، بەڵام داهاتەکەی بۆ خزمەتگوزارییەکانى ڕێگاوبان خەرج ناکرێت وئەمەش وای کردوە ڕێگاو بانەکانببنە هۆکارى دروستبونی چەندین ڕووداوی گیان لەدەستدان، هاوکات دانا عبدولکەریم وەزیری ئاوەدان کردنەوەو نیشتەجێبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاری دروستکردنی سندوقێکی کردوە بۆ گەڕانەوەی داهاتی هاتوچۆ و لەو سندوقە ڕێگاوبانەکان نۆژەن و دروستبکرێن. 

ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان  بونەتە مۆتەکەی گیانی هاولآتیان و بەردەوام بەهۆی خراپی ونالەباریانەوە چەندین ڕوداوی نەخوازراوی هاتوچۆ ڕودەدەن و چەندین گیان لەدەستدان و برینداربونى لێدەکەوێتەوە، لەهەرێمی کوردستان چەندین ساڵە داهاتی بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆ چ لە رسومات وچ لە سەرپیچی و بەتایبەت سەرپێچی کامێرا داهاتێکی زۆر بۆ حکومەتی هەرێم دەگەڕیتەوە، بەپێێ زانیاریەکان ئەم داهاتانە بۆڕیگاوبانەکان تایبەت نەکراوە،ئەمەش وادەکات بەشێوەیەکی هێواش ڕیگاوبانەکان نۆژەن بکرێنەوەو بەشێوەیەکی خێرا ئامارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ بەرزببنەوە.

ئەم چاکنەکردنى رێگاوبان و زۆربونى روداوانەى هاتوچۆش چەندین روداوى تراژیدى لێدەکەوێتەوە و لەنوێترین ڕوداوەکانی هاتوچۆشدا و لەماوەی یەک هەفتەدا و لە هەرێمى کوردستان 12 هاوڵاتی بونەتە قوربانی وگینیان لەدەست داوە.

 

بەپێى پلانی چوارساڵی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پرۆژەی سندوقی ڕێگاوبان دابمەزرێت کە هەر پارەو ڕسوماتێک لەشۆفێران وەردەگیرێت،

 

بۆ خزمەتگوزارییەکانی ڕێگاوبانەکانی هەرێم خەرجبکرێتەوە و لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەزارەت حەفتەی ڕابردو ئەم پرۆژەیە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە چاوەڕێ وەڵامەکەی دەکەن بەو پێیەش رێگاوبانەکان چاکدەکرێن و قوربانیانی هاتوچۆ کەمدەبنەوە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە سزای کامێرەکانی هاتوچۆ بدرێتە کۆمپانیایەکی تایبەت بەو بوارە، سەرباری خراپى ڕیگاو بانەکان جگە لەچارەسەرنەکردنی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بارگرانیەکی دارایی زیاتر دەخاتە سەرشانی هاوڵاتیان و داهاتەکەشی بۆ هیج خزمەت  گوزاریەکی ڕێگاوبان خەرج ناکرێت.

پرسیار ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکەی ئاوڕ لەم هەمو قوربانیە ناداتەوەو ڕیگاوبانەکانی هەرێم دوای 16 ساڵ لەیەکگرتنەوەی دوئیدارەیی بەردەوام دەبنە هۆکاری ڕووداوە تراژیدیەکان، تاکەی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچآوی بەرپرسانی ئەم هەرێمە دەبنە ڕیگای مەرگ بۆ هاوڵاتیانیان.

250 جار خوێندراوەتەوە