جیهان، دووەم جەژنى کریسمسى لە کۆرۆنادا بەڕێکرد

KNN : Kurdish News Network
03:06 - 25/12/2021
ڕاپۆرت
+
-

جەژنی لەدایکبونی پێغەمبەر عیسا، بەڕێوەچو، پاپای ڤاتیکان داوای لێبوردەیی ‌و برایەتیی گەلان دەکات ‌و لە عێراق ‌و هەرێمی کوردستانیش، وێڕای پیرۆزباییەکان، داوای پێکەوەژیان ‌و گەڕانەوەی کریستییانەکان دەکرێت بۆ وڵات.

کریستیانەکانی جیهان لەنێویشیاندا کریستیانەکانی عێراق ‌و هەرێمی کوردستان، دوەم ڕێوڕەسمی جەژنی لەدایکبونی پێغەمبەر عیسا (مەسیح) یان لە سایەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، گێڕا.

لە شاری بەیتلەحمی فەلەستین کە شوێنی لەدایکبونی پێغەمبەر عیسایە، جەژنی لەدایکبونی مەسیح پیرۆز کرا.

لە کڵێسەی (مەهد)  لە بەیتلەحم، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی رێوشوێنەکانی تایبەت بە خۆپارێزیی لە کۆرۆنا، جەژنی لەدایکبونی مەسیح بە ئامادەبونی سنوردارانەی خەڵک بەڕێوەچو، بەهۆی داخستنی دەروازەکانی شارەکەشەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەمساڵ خەڵکانی بیانیی نەیانتوانی وەک ساڵان، بەشداری جەژنەکە بکەن لە زێدی لەدایکبونی مەسیح.

هاوکات رێوڕەسمی جەژنی کریسمس لە کڵێسەی قەدیس بترۆس لە رۆما، بەڕێوە چو ‌و تێیدا، نوێژی قوداس کرا ‌و پاپا وتارێکی پێشکەش کرد.

بە گوێرەی ئاژانسەکان، لە ڕێوڕەسمەکەی ڤاتیکاندا، نزیکەی دو هەزار کەس ‌و نوێنەری تائیفە کریستیانەکان بە پابەندبون خۆپارێزییەوە لە کۆرۆنا، بەشدار بون، بەڵام دەیان کەسیش لە دەرەوەی هۆڵی کڵیساکە، بەشداری نوێژی قوداسیان کرد.

پاپا فرانسیسی تەمەن(85) ساڵ، لە رێورەسمەکەدا، وتەیەکی پێشکەش کرد ‌و وێڕای پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی جیهان، وتی پێویستە لە جیاتی خۆبەگەورەزانین، پەرە بە گیانی لێبوردەیی ‌و برایەتیی گەلان بدرێت.

پاپا لە وتەکەیدا جەختیشی کردەوە لە پاراستنی شکۆی مرۆڤ ‌و وتی:  بۆ کۆتاییهێنان بە مردنی مرۆڤەکان لە شوێنی کارەکانیان، پێویستە شکۆی مرۆڤ پارێزراو بێت، نەک بکرێتە کۆیلەی کار.

لە عێراق ‌و هەرێمی کوردستانیش، رێوڕەسمی تایبەت بە جەژنی لەدایکبونی پێغەمبەر عیسا بەڕێوەچو.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران عێراق، لە کڵیسەی ماریوسف لە بەغدا، بەشداریی رێوڕەسمی جەژنی کریسمسی کرد ‌و لە وتەیەکدا داوای کرد، کریستیانەکان بگەڕێنەوە بۆ عێراق ‌و جەختیشی کردەوە، گفتوگۆی بنیاتنەرانە، تاکە رێگای بنیادنانەوە ‌و پێکەوەژیانی گەل ‌و ئایینەکانە، بۆیە دەبێت گرنگیی بە پێکەوەژیانی ئایینەکانی بدرێت لە وڵات.

بەپێى ئامارێک، لەئێستادا لە عێراق و هەرێمى کوردستان، کەمتر لە (500) هەزار کریستیان دەژین و زۆربەیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە، ئەوانەشى ماونەتەوە زۆربەیان لە سنورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک و موسڵن. لە کاتێکدا پێش ساڵى (2003)، ملیۆنێک و (500) هەزار کریستیان لە عێراق دەژیان.

کریستیانەکان لە قەرەقوش، کە یەکێک بو لەو شارۆچکانەی توشی زیانی زۆر بو لە ساڵی(2014)دا،  لەو کاتەی داعش هێرشی کردە سەر، لە کڵێسەی تاهیرە، جەژنەکەیان گێڕاو ‌و نوێژی قوداسیان خوێند.

قەشە یوحەنا بترۆس موشێ، سەرۆکی ئەساقفەی سریان ‌و کاسۆلیکی لە موسڵ، کە رێبەرایەتیی نوێژخوینانی مەسیحی کرد لەو بۆنەیەدا، وێڕای پیرۆزباییکردنی، ئەوەی بیرهێنایەوە کە داعش لە ساڵی(2014)دا،  بەسەر مەسیحییەکانی ناوچەکەی هێنا ‌و سوپاسگوزار بو کە ئێستا کڵێسەکەیان ئاوەدانە ‌و نوێژی قوداسی تێدا دەخوێنن.

لە هەرێمی کوردستانیش، کریستییانەکان لە شار و شارۆچکەکان، جەژنی کریسمسیان ساز کرد ‌و پێرۆزباییان لە یەکتر ‌و  لە مەسیحییەکانی جیهان کرد ‌و بەوبۆنەیەشەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێکی کوردستان، لە پەیامێکدا، وێڕای پیرۆزباییکردنی، جەختی کردەوە کە هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ لا‌نكه و سه‌رزه‌مینی پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن و لێبورده‌یی ده‌مێنێته‌وه و به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی هه‌موان پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌.

لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی (300)هەزار کریستیان دەژین لە نەتەوەکانی کورد، ئەرمەن، کلدان، سریان و ئاشوور کە زیاتر لە (200) کڵێسایان هەیە.

بەڕێوەچونى جەژنى کریسمس لە جیهاندا لە کاتێکدایە کە زۆربەى وڵاتانى دونیا رێکارەکانیان لە دژى بڵاوبونەوەى ئۆمیکرۆن توندتر کردۆتەوە، بەشێوەیەک لە ماوە پشوەکانى کریسمسدا زیاتر لە سێ هەزار گەشتى ئاسمانى هەڵوەشێنراونەتەوە.

283 جار خوێندراوەتەوە