بەلەمێکى دیکەی کۆچبەران لە ئیجەدا ژێر ئاو کەوت

KNN : Kurdish News Network
09:21 - 25/12/2021
جیهان
+
-

میدیاکانی یۆنان هەواڵی نقومبوونی بەلەمێکى دیکەی کۆچبەران لە دەریایی ئیجە بڵاودەکەنەوە کە (60) کۆچبەرى هەڵگرتبوو.

میدیاکان لە زارى پۆلیسی ئێشكگری كەناراوەكانی یۆنان بڵاویکردوەتەوە، شەوی رابردوو بەلەمێکى کۆچبەران بە (80) سەرنشینەوە ژێر ئاو کەوتووە.

باس لەوەشکراوە، پاسەوانی کەنارە ئاویییەکانی وڵاتەکە (16) تەرمیان دۆزیوەتەوە کە سێ ژن و منداڵێکیان تێدایە و (63) کەسیان لەو یەختە ژێر ئاوکەوتووە رزگار کردوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.

بەپێی راگەیەنراوی ئەو هێزانە پرۆسەی گەڕان و رزگاكردن لە باكووری رۆژئاوای دورگەكە دەستیپێكردووە و لەلایەن هێزەكانی ئێشكگری كەناراوەكانی (یۆنان)ـەوە فڕۆكە و كەشتی ڕەوانەی ناوچەكە كراون.

لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە سێیەمین روداوی هاوشێوەیە، رۆژی چوار شەممە رابردوو لە نزیک دوورگەی فۆلێگاندرۆس بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران ژێر ئاو کەوت کە بەهۆیەوە دەیان کەس بێسەروشوێن بوون و (13) کۆچبەریش رزگارکران.

رۆژی پێنجشەمەى رابردوش، لە روداوێکی هاوشیوەدا لە  نزیکی دوورگەی ئەنتیکیسیێرای یۆنان (11) کۆچبەر خنکان و (92) کۆچبەریش رزگارکران.

بەپێ ئامارەکانی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە تا مانگی یانزە دوو هەزار و (500) کۆچبەر خنکاون یاخود بێسەروشوێن بوون. 

1703 جار خوێندراوەتەوە