وێنە؛ نیو سەدە کارى خۆشنوسى کوردێک لە بەغدا

KNN : Kurdish News Network
02:04 - 21/12/2021
گەلەری
+
-

هاووڵاتییەکى کورد بە ناوی عوسمان تەها، ماوەی (48) ساڵە لە شاری بەغدا کاری خۆشنووسی و دروستکردنی دیاریی دەکات.

عوسمان تەها کە لە بیستەکانی تەمەنیدا شاری سلێمانی زێدی خۆی جێهێشتووە و لە شەقامی موتەنەبی شاری بەغدا دەستی بە کاری دروستکردنی دیاریی و خۆشنوسى کردووە.

عوسمان، رۆژانە لە بەیانییەکی زووەوە دەست بە خۆشنووسی لەسەر پێنووس، کاتژمێر و کەلوپەلی دیکەی دیاریی دەکات و بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی، ناو، رۆژی لەدایکبوون و شوێن دەنوسێت.

لەئێستادا عوسمان تەها، تەمەنی گەیشتووەتە (77) ساڵ و وێڕای بەرەوپێشچوونی تەمەن بە هەمان جۆش و خرۆشی یەکەم رۆژەوە لە شەقامى موتەنەبى پایتەختى عێراق، سەرقاڵی پیشەکەیەتی.

عوسمان لەبارەى کارەکەیەوە دەڵێت،" لە گەنجێتیمدا سەرەتا هونەری وێنەکێشان و دواتریش خۆشنووسی فێربووم. جارێک لە خەونمدا لە ماڵێکی داڕوخاودابوم و کەسێک کە زەرفێکی بەدەستەوە بوو، بەرەوڕووم هات و پێی وتم: "تۆ دەبیت بە وێنەکێش". دواتر دەستم بە وێنەکێشان و خۆشنووسی کرد. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکان نیم و کارەکەم تەنها بەهرەیەکی خواییە."

باس لەوەش دەکات، بەهۆی شەڕی تائیفییەوە ماوەیەک شاری بەغدای بەجێهێشتووە و روی لە سلێمانی کردووە و ماوەیەک لە پارکی ئازادی سلێمانی کاری دروستکردنی دیاریی کردووە.

418 جار خوێندراوەتەوە