تائێستاش هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى
پێداویتسییەکانى رۆژانەى پشت بە وڵاتانى دەبەستێت و ساڵانەش بە بڕى دەیان ملیار
دۆلار خۆراک و کاڵاو پێداویستییەکان هاوردەدەکات. تورکیا و ئێران و چین لە ریزى
ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین کاڵاو شمەک بۆ هەرێم دەنێرن.
مستەفا عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و
ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی
کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی فراوانە، پێش کۆرۆنا چوبووە قەبارەیەکی
زۆر و گەیشتبووە لوتکە.
دەشڵێت: هەرێمی کوردستان لەبواری بازرگانی
توانایەکی باشی پێکەوە نابوو، بەڵام لەکاتی کۆرۆنا لە هەموو وڵاتانی دنیا بواری
بازرگانی بەرەو لاوازی رۆشت و هەرێمیشی گرتەوە، ئێستا دووبارە دۆخەکە بەرەو باشتر
دەچێتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستی پێکردووەتەوە.
ئاشکرایدەکات، هەرێمى کوردستان پێش کۆرۆنا ساڵانە
بە قەبارەی (20) ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان هەبووە.
دەربارەی ئەو وڵاتانەی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕی
بازرگانیان لەگەڵ دەکات، مستەفا عەبدولرەحمان وتى" تورکیا بە بڕی زیاتر لە
(12) ملیار دۆلار پلەى یەکەمى گرتووە و ئێرانیش بە شەش ملیار دۆلار لە پلەى دووەم
دێت و دواى ئەوانیش چین و وڵاتانى دیکە لە پلەکانى دیکەدان.
228 جار خوێندراوەتەوە