بۆچی لەدواى چاكبونەوە لە کۆرۆنا قژ هەڵدەوەرێت؟

KNN : Kurdish News Network
08:49 - 15/11/2021
تەندروستی
+
-

پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی پێست و تەندروستی قژ ئاشكرای دەكات، ڤایرۆسی كۆرۆنا لەتوانیدایە زیانێكی زۆر بە پێستی سەر بگەیەنێت، بەجۆرێك رێژەیەكی زۆر لە قژ هەڵبوەرێت و تاماوەیەك دوای چاكبونەوەش لە نەخۆشییەكە حاڵەتەكە بەردەوام بێت.

ناتالیا شامانسكایا، پسپۆڕی پێست و قژ بە ماڵپەڕی ئەزڤیستیا راگەیاندووە، چەند هۆكارێك هەیە وادەكات قژ روتانەوەكە تا ماوەیەك دوای چاكبونەوەش بەردەوام بێت.

ئەو پسپۆڕە باسی لەوەكردووە، هۆكاری یەكەم ئەو دژە تەنانەیە كە لەش لەكاتی نەخۆشییەكەدا بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆس و بەكتریا وەریدەگرێت و هۆكارە بۆ لاوازبونی بەرگری لەش، هۆكاری دووەمیش خودی ڤایرۆسەكەیە كە كاریگەری لەسەر خانەكانی پێست سەر بەتایبەت ئەوانەی نزیك رەگی قژەكەن دروست دەكات.

شامانسكایا ئاشكرای كردووە، حاڵەتەكە بەپێی نەخۆشەكە و بەرگری لەشی و چەند هۆكارێكی دیكە لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كاتییە و كەسەكە دواتر قژ روتانەوەكەی دەوەستێت.

لەهەندێك حاڵەتدا ئەو كەسانەی دەچنە سەر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد قژیان بەڕێژەیەكی زیاتر دەوەرێت، لە زۆر حاڵەتیشدا ئەگەری هاتنەوەی قژەكە نییە، رەنگە لە داهاتوودا كەسەكە پێویستی بە چاندنەوە بێت" ناتالیا شامانسكایا وادەڵێت.

پسپۆڕە روسییەكە ئەو قژ روتانەوە بە هاوشێوەی كاتی وەرگرتنی چارەسەری كیمیایی نەخۆشانی شێرپەنجە وێناکردووە كە چۆن كەسەكە بەهۆی چارەسەرەكەوە هیچ تاڵێكی قژی پێوە نامێنێت و هەڵدەوەرێت، بەڵام دواتر قژەكە دێتە، زۆرینە حاڵەتەكانی كۆرۆناش بەهەمان شێوەیە و دواتر كەسەكە قژی دێتەوە و ڕوتانەوەكەی دەوەستێت.

1382 جار خوێندراوەتەوە