زانیارى نوێ لەبارەى هەوڵى تیرۆرکردنى مستەفا کازمى ئاشکرا دەبێت

KNN : Kurdish News Network
05:59 - 08/11/2021
عێراق
+
-

ئەو تیمەى  لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سەر ماڵى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق دەکەن زانیارى نوێ لەبارەى هێرشەکە ئاشکرا دەکەن، ئەندامێکى تیمەکەش وردەکارى هەوڵى تیرۆرکردنى کازمى دەخاتەڕوو.

 

بەپێى ئەو زانیارییانەى کە کەناڵى روسیا تودەى بڵاویکردوەتەوە، پسپۆرانى بوارى تەقەمەنى لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق و دەزگاى هەواڵگرى عێراق بۆیان دەرکەوتوە، ئەو موشەکانەى کە ئاراستەى ماڵى مستەفا کازمى کراون هەمان ئەو موشەکانەن کە لە بە ئامانجگرتنى بنکەکانى هێزەکانى ئەمەریکا بەکارهێنراون.

 

بەپێى زانیارییەکان، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە ناوچەى گریعات ى باکورى بەغداوە ئاراستە کراون.

 

یەکێک لەو پسپۆرانەى کە بەشدارە لە لێکۆڵینەوە لەو هێرشە، بە کەناڵى روسیا تودەى راگەیاندوە، ئەنجامدەرانى هێرشەکە دڵنیابوون لەوەى کە ناتوانن مستەفا کازمى لەناو ماڵەکەى خۆیدا بکەنە ئامانج، بۆیە بە سێ فرۆکەى بێ فڕۆکەوان هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

 

ئاشکراشیکردوە، هێرشبەرەکان ویستویانە سەرەتا بە فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان ماڵەکەى مستەفا کازمى بۆردومان بکەن و دواى ئەوەى کە کازمى لەماڵەکەى دێتە دەرەوە تیرۆرى بکەن، بەڵام پلانەکەیان شکستى هێناوە.

1849 جار خوێندراوەتەوە