حکومەتەکەى تاڵیبان پارەى موچەى پێنیە

KNN : Kurdish News Network
02:38 - 10/09/2021
جیهان

لە بانکە بیانییەکانی (10) ملیار دۆلارى ئەفغانستان بلۆککراوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشدارى دەدات لە روخانى تەواوەتى ئەفغانستان،

ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدار دەدات، ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێگایەک بۆ پاراستنی سەرچاوە داراییەکان لە ئەفغانستان نەدۆزێتەوە، ئەم وڵاتە مەترسی "روخانی تەواو"ی لە سەرە.

بەپێى زانیارییە میدیاییەکان، لەئێستادا نزیکەى (10) ملیار دۆلارلە داراییەکانی بانکی ناوەندی ئەفغانستان لە بانکە بیانییەکان بلۆکە کراوە، ئەوەش وەک گوشارێک دژ بە تاڵیبان سودى لێوەردەگیرێت.

لاى خۆیەوە، دبورا لیونز نێردراوی تایبەتی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان رایگەیاند: بۆ رێگری لە روخانی تەواوەتى ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئەفغانستان، پێویستە رێگایەک بۆ گەیاندنی سەرچاوەی تایبەت بە ناوخۆی ئەم وڵاتە بدۆزرێتەوە.

وتیشى،" بەرپرسانی ئەفغانستان بوجەی پێویستیان پێنیە بۆ پێدانى موچە".

هەروەک ئاشکرایکرد، سندۆقی دراوى نێودەوڵەتی (440) ملیۆن دۆلارى پاشکەوتی ئەو وڵاتەی بلۆکە کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، دواى هاتنەوەى تاڵیبان و گرتنە دەستى حکومەتى ئەفغانستان زۆرێک لە رێکخرا و وڵاتانى دونیا پشتگیرییە داراییەکانیان بۆ ئەم وڵاتە راگرت، بەتایبەت حکومەتى ئەڵمانیا کە وتبوى تەنانەت یەک یۆرۆش کۆمەکى ئەفغانستان ناکەین.

6694 جار خوێندراوەتەوە