هێشتا جیهان كاریگەرییەكانی بڵاوبونەوەی كۆرۆنای
دەلتای تێنەپەڕاندووە، ئاماژەكانی جۆرێكی نوێ دەستی بەدەركەوتن كردووە، كە ترس و دڵەڕاوكێی
لای پسپۆڕانی تەندروستی دروستكردووە.
جۆرەكە بە C.1.2 ناودەبرێت، بەڵام تائێستا جۆری دەلتا زۆرینەی
حاڵەتەكانی توشبوونە لە جیهاندا، ئەوەش بەهۆی خێرایی بڵاوبونەوەی و كاریگەرییەكەی
لەسەر كۆئەندامی بەرگری لەش، بۆیە جۆرە نوێكە كەمێك نامۆیە.
بەپێی زانیاری پسپۆڕەكان، ئەو جۆرە نوێیەش لەهەمان
شوێنی سەرهەڵدانی دەلتا دەركەوتووە، ئەوەش نیگەرانی زاناكانی زیاتركردووە كە ئەگەر
هەیە گۆڕانكاری نوێ تێیدا ڕووبدات كە ببێتە هۆی بڵاوبونەوەی زیاتر و سەرهەڵدانی جۆری
نوێ.
كۆرۆنای C.1.2 لەباشوری ئەفریقا لەكاتی ئەنجامدانی كۆمەڵێك
توێژینەوەی تۆڕی چاودێری جینوم ئاشكراكراوە كە پەیمانگای نیشتمانی نەخۆشییە
گواستراوەكان، زانكۆكانی كریسپ، كیپ تاون، ستیلینبۆش، بریتۆریا، ویتواترسراند، فەرمانگەی
تاقیگەی نیشتمانی لێیە.
بۆ یەكەمجار لە مانگی ئایاری ڕابردوودا هەست
بە بونی گۆڕانكارییەكە كراوە، لە چەند سیفاتێكدا لە كۆرۆنای بیتا و دەلتا دەچێت، بەڵام
چەند جیاوازییەكیشی هەیە.
پسپۆڕەكان باس لە گرنگی ئەنجامدانی توێژینەوەی
زیاتر دەكەن بۆ ئەوەی بزانن كاریگەرییەكی لەسەر كۆئەندامی بەرگری لەش چۆنە، بۆیە
تا ئەو كاتە دەبێت جەخت لەسەر گرنگی بەكارهێنانی ڤاكسینەكان بكرێتەوە بۆ ئەوەی لە
ئەگەری توشبوونیشدا دۆخی تەندروستی نەخۆشەكە تێك نەچێت و پێویستی بە نەخۆشخانە نەبێت.
ریچارد لیسیلز كە پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەكانە
و یەكێكە لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكان لەسەر ئەم جۆرە نوێیە ئاماژەی بەوەكردووە،
دەركەوتنی ئەو جۆرە نوێیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پەتاكە بەم زووانە كۆتایی نایەت و ڤایرۆسەكە
ڕێگای نوێ دەدۆزێتەوە بۆ توشبوون.
5695 جار خوێندراوەتەوە