بەر لە کەوتنى کابوڵ لە نێوان جۆبایدن و ئەشرەف غەنیدا چى روویدا

KNN : Kurdish News Network
10:30 - 01/09/2021
جیهان
+
-

(23) رۆژ بەر لە رووخانى حکومەتى ئەفغانستان لەسەردەستى بزوتنەوەى تاڵیبان جۆبایدن سەرۆکى ئەمەریکا و ئەشرەف غەنى سەرۆکى پێشووى ئەفغانستان لە پەیوەندیەکى تەلەفۆنیدا دۆخى ئەو ئەفغانستانیان تاوتوێ کردوە و باسیان لە ستراتیژى سەربازى نوێ کردوە، بایدن  لە دۆخى ئەو وڵاتە نیگەران بووە بەڵام تا ئەو کاتەش ئەشرەف غەنى برواى بە بەدیهێنانى ئاشتى و هاوسەنگکردنى هاوکێشە سەربازیەکان هەبووە.

ئەو گفتوگۆ تەلەفۆنیە کە ناوەرۆکەکەى دەست ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز کەوتوە، رۆژى (23) ى تەموزى رابردو ئەنجامدراوە و ماوەکەى (14) خولەکە، جۆبایدن ئامادەیى بۆ پێشکەشکردنى هاوکارى بۆ ئەفغانستان دەربڕیوە بەو مەرجەى ئەشرەف غەنى پلانى هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخى ناسەقامگیرى ئەفغانستان،لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، پاڵپشتى ئاسمانى بەردەوامى پێدەدەین و چڕى دەکەینەوە، ئەگەر بزانین پلانەکە چیە.  

 

جۆبایدن ئامۆژگارى هاوتا ئەفغانیەکەى ( ئەوسەردەمەى) کردوە کە رەزامەندى ئەفغانەکان بەدەست بهێنێت بۆ دانانى ستراتیژێکى سەربازى و جەنگاوەرێکیش بکاتە سەرکردەى جێبەجێ کردنى ئەو ستراتیژە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بیسمیلا محەمەدى وەزیرى بەرگرى پێشوى ئەفغانستان.

 

سەرۆکى ئەمەریکا ستایشى هێزەکانى ئەفغانستانى کردوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە مەشق و راهێنانیان پێکراوە، بە ئەشرەف غەنى راگەیاندوە، باشترین سوپاتان لەبەردەستدایە کە لە (300) هەزار جەنگاوەر پێکهاتووە لە بەرامبەر (70) بۆ(80) هەزار چەکدارى تاڵیباندا، بە دڵنیاییەوە دەتوانن بەباشى شەڕ بکەن.

 

بەڵام  دواى چەند رۆژێک لەو گفتوگۆیە سوپاى ئەفغانستان لە سەرتاسەرى ئەو وڵاتەدا دەستى کرد بە پاشەکشە لەبەرامبەر چەکدارانى تاڵیبان.

 

لە بەشێکى دیکەى ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا جۆبایدن سەرنجى خستوەتەسەر دۆخى ئەفغانستان و بە راشکاوى بە ئەشرەف غەنى راگەیاندوە، پێیوایە کارەکان بەباشى بەڕێوەناچن بەتایبەتى ئەوەى کە پەیوەندى بەشەڕى دژى بزوتنەوەى تاڵیبان هەیە، داواشى لە غەنى کردوە کە بە ئامادەبوونى کەسایەتیە سیاسیە دیارەکانى ئەفغانستان کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ساز بکات بۆ پشتیوانیکردن لە ستراتیژى سەربازى نوێ، بایدن پێیوابوە کە ئەوە زۆربەى شتەکان دەگۆرێت.

 

ئەشرەف غەنى، سەرۆکى پێشوى ئەفغانستان تا ئەو کاتەش هەر باوەڕى بە چارەسەرى ئاشتى هەبوە، لەو بارەیەوە بە سەرۆکى ئەمەریکاى راگەیاندوە، پێموایە دەتوانرێت ئاشتى بەدیبهێنرێت ئەگەر بتوانرێت هاوکێشە سەربازییەکان هاوسەنگ بکرێن، بەڵام بایدن پێى راگەیاندوە کە پێویستە بە خێرایى بجوڵێن.

 

 

سەرۆکى پێشوى ئەفغانستان ئەوەشى راگەیاندوە ،کە وڵاتەکەى روبەڕوى داگیرکارى بەرفراوانى تاڵیبان بوەتەوە بە پلان و هاوکارى پاکستان، راشیگەیاندوە کە لەنێوان (10) بۆ (15) هەزار چەکدارى تیرۆرستى بیانى بەشدارن لە هێرشى سەر ئەفغانستان کە زۆربەیان پاکستانین.

 

دواى (23) رۆژ لەو گفتوگۆیەى نێوان جۆبایدن سەرۆکى ئەمەریکا و ئەشرەف غەنى سەرۆکى پێشوى ئەفغانستان، کابوڵى پایتەختى ئەفغانستان کەوتە دەست بزوتنەوەى تاڵیبان، حکومەتى ئەفغانستان روخا و ئەشرەف غەنى بەپەلە وڵاتەکەى بەرەو تاجیکستان و دواتریش ئیمارات جێهێشت، ئەو سوپایەش کە جۆبایدن بە سوپایەکى باش ناوى برد، نەیتوانى بەر بە هیچ هێرشێکى تاڵیبان بگرێت.   

4407 جار خوێندراوەتەوە