گۆگڵ و فەیسبوک، کارمەندەکانیان ناچار دەکەن بەوەرگرتنى ڤاکسین

KNN : Kurdish News Network
02:21 - 29/07/2021
تەندروستی

هەردوو کۆمپانیاى گەورەى جیهانى بوارى ئینتەرنێت ( گۆگڵ و فەیسبوک)، کارمەندەکانیان ناچار دەکەن بە وەرگرتنى ڤاکسینى کۆرۆنا.

لە هەواڵێکدا ئاژانسى (DW)ى ئەڵمانى بڵاویکردۆتەوە، هەردوو گەورە کۆمپانیاى بوارى ئەنتەرنێتى ئەمەریکى (گۆگڵ و فەیسبوک) بڕیاریانداوە هەر کارمەندێکى ئەوان لە بارەگا و نوسینگەکانیان کاربکات، پێویستە ڤاکسینى کۆرۆنا بەکار وەربگرێت.

سوندار پیچار سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گۆگڵ  بە ئاژانسە ئەڵمانییەکەى رایگەیاندووە، "هەر کارمەندێکى ئێمە ئەگەر بۆ کارکردن بگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیا پێویستە ڤاکسینى کۆرۆنا وەربگرێت".

وتیشى: ئەم بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتودا لە بارەگا و نوسینگەکانمان لە ئەمەریکا جێبەجێ دەکەین و لە چەند مانگى داهاتوشدا لە بارەگاکانى وڵاتانى تر جێبەجی دەکەین.

لاى خۆیەوە لۆرى گۆلێر بەرپرسى سەرچاوە مرۆییەکانى فەیسبوک بە هەمان ئاژانسى راگەیاندووە، " لە نوسینگەکانمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا کارمەندانمان بەناچارى دەبێت ڤاکسین وەربگرن".

پێشتریش کۆمپانیاى فەیسبوک رایگەیاندبوو، پلانیان داناوە تا مانگى ئەیلولى داهاتوو (50%)ى کارمەندەکانیان لە ماڵەوە بگەڕێننەوە بارەگا و نوسینەگەکانیان ئەوەش دواى وەرگرتنى ڤاکسین.

رێکارەکانى هەردوو کۆمپانیا، لە چوارچێوەى ئەو بەرنامەیەدایە بۆ زیادکردنى رێژەى ڤاکسین پێدان لە ئەمەریکا، چونکە لەئیستادا رێژەى وەرگرتنى ڤاکسین لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە بەشێوەیەکى بەرچاو کەمیکردووە.

214 جار خوێندراوەتەوە