زۆرینەی هاوڵاتیان لە رۆژانی جەژندا گرنگی بە خواردنی خۆراكی تەندروست نادەن،
حەز و خواستێكی زۆریان بۆ خواردنی گۆشت هەیە، بەتایبەت ئەو ماڵانەی قوربانی دەكەن یاخود
قوربانییان بۆ دەچێت.
پسپۆڕانی تەندروستی چەند خاڵێكی سەرەكییان دیاری كردووە كە دەبێت پێش
خواردنی گۆشت هاوڵاتیان ئاگاداری بن و گرنگی پێ بدەن، چونكە پەیوەندی بە تەندروستیانەوە
هەیە.
جۆری گۆشت
ئەوەى لەسەرەتادا زۆر گرنگە، جیاكردنەوەی جۆرەكانی گۆشتە، چونكە بەهای خۆراكی
لەنێوان گۆشتی بەرخ و گوێرەكەدا زۆر جیاوازە.
پسپۆڕەكان دەڵێن: "گۆشتی گوێرەكە هەرسكردنی ئاسانترە بەراورد بە گۆشتی
بەرخ، بەڵام ڕێژەی چەوری هەردوو جۆرەکە زۆر لە یەكەوە نزیكە، بەڵام دەتوانرێت بوترێت
چەوری لەناو گۆشتی بەرخدا تا ڕادەیەك كەمترە، بەڵام ڕێژەی پرۆتین لە گۆشتی گوێرەكەدا
زۆر زیاترە، لەڕووی كالۆری و پێكهاتەكەشیانەوە زۆر نزیكن".
هەردوو جۆری گۆشتەكە بڕێكی زۆر ڤیتامین و كانزاكان و سیلینیۆمیان تێدایە، هەروەها
دەوڵەمەندن بە دژە ئۆكسیدەكان و یارمەتی دروستبونی ماسولكە دەدەن.
سەبارەت بە جیاوازی ڕێژەی چەوری بەپێی شوێنی گۆشتەكە، پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە
دەكەن، گۆشتی ڕان جا هی بەرخ بێت یان گوێرەكە كەمترین چەوری تێدایە.
شێوازی ئامادەكردن
باشترین شێواز بۆ ئامادەكردنی گۆشت كوڵاندنە، بەو مەرجەى ئاوەكە نەخورێت،
چونكە لە كوڵاندندا چەورییەكەی دەتوێتەوە و دەچێتە ناو ئاوەكە، پاشان برژاندن كە زۆر
كەس لە جەژندا گۆشتی پێ ئامادە دەكەن، بەڵام باشترە ماوەی 25 بۆ 30 سانتیمەتر لەنێوان
گۆشت و ئاگرەكەدا هەبێت بۆ ئەوەی گۆشتەكە نەسوتێت و زیانی نەبێت.
لەگەڵ گۆشتدا چی بخورێت؟
یەكێك لە بابەتە گرنگەكان لە خواردنی گۆشتدا ئەوەیە كە لەگەڵ چ پێكهاتەیەكی
دیكەدا گۆشتەكە دەخورێت، تەندروستین خواردنیش سەوزە و زەڵاتەیە، بەتایبەت خواردنی
مەعدەنوس، چونكە بڕێكی زۆر ڤیتامین سی تێدایە و یارمەتی هەڵمژینی پێكهاتەكانی گۆشتەكە
دەدات.
خواردنەوەی ئاو یەكێكی دیكەیە لە خاڵە گرنگەكان بۆ ئەوەی گورچیلە چالاك بێت
و بە باشی كاری خۆی بكات، دوای نانخواردنیش كەسەكە هەوڵ بدات زۆر بجوڵێت بۆ ئەوەی
كرداری هەرس ئاسان بێت.
سەبارەت بە خواردنی شیرینی و خواردنەوە گازییەكان پسپۆڕەكان جەخت دەكەنەوە
لەسەر ئەوەی، لەگەڵ گۆشت یاخود دوای خواردنی باشترە بە هیچ شێوەیەك ئەو خواردن و
خواردنەوانە نەچنە گەدەوە.
بڕی ئەو گۆشتەی دەخورێت
پسپۆڕەكان باسیان لەوەكردووە، باشترە ئەو گۆشتەی دەخورێت بەپێی كێشی كەسەكە
بێت بەجۆرێت بۆ هەر كیلۆیەك كێشی لەش گرامێك گۆشت بخورێت، هەروەها كۆی گشتی ئەو بڕەش
كە لە هەفتەیەكدا دەخورێت نابێت لە نیو كیلۆ زیاتر بێت.
ئەو كەسانەش كە نەخۆشییەكانی دڵ و گورچیلەیان هەیە، باشترە پێشتر ڕای پزیشك
وەربگرن و ئەوان بڕی خواردنی گۆشتیان بۆ دیاری بكەن، بۆ ئەوەی بڕێك نەبێت زیان لە
تەندروستیان بدات.
3082 جار خوێندراوەتەوە