سەرۆکى ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا: پێدەچێت تاڵیبان تەواوى ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات

KNN : Kurdish News Network
12:22 - 22/07/2021
جیهان

سەرۆکى ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا دواین زانیارى لەبارەى دۆخى ئەفغانستان ئاشکرا دەکات، بە دووریشى نازانێت بزوتنەوەى تاڵیبان تەواوى ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات.

مارک میلى، سەرۆکى ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا رایگەیاند، چەکدارانى بزوتنەوەى تاڵیبان لەئێستادا زیاتر لە نیوەى یەکە ئیدارییەکانى ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کردوە، مەترسى ئەوەش هەیە لە رۆژانى داهاتوودا ناوچەى زیاتر کۆنترۆڵ بکەن.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا لەبارەى داهاتووى ئەو وڵاتە رایگەیاند، پێدەچێت لەداهاتوودا تاڵیبان تەواوى ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات.

سەبارەت بە تواناى سەربازى بزوتنەوەى تاڵیبان و حکومەتى ئەفغانستان، سەرۆکى ئەرکانى سوپاى ئەمەریکا رایگەیاند، بزوتنەوەى تاڵیبان (75) هەزار چەکدارى هەیە، لەبەرامبەردا سوپاى ئەفغانستان خاوەنى (300) هەزار سەربازە بەهێزى ئاسمانیەوە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، سەرکەوتنەکانى بزوتنەوەى تاڵیبان کۆتایى سیناریۆکە نیە، رەنگە پێشهاتەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت.

 

لەلایەکى ترەوە بەرپرسێکى باڵاى ئەمەریکا بەرۆژنامەى (تایم) ى راگەیاندوە، ئەگەرى ئەوە هەیە لەماوەى نێوان شەش تا (18) مانگدا، بزوتنەوەى تاڵیبان تەواوى خاکى ئەفغانستان کۆنترۆل بکات.

1217 جار خوێندراوەتەوە