بەهۆی گەرماوە هەشت هەزار کەس لە فەڕەنسا گیانیان لەدەستداوە

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 17/09/2026
جیهان
+
-

دەستەی تەندروستیی گشتیی فەڕەنسا ئاماری قوربانیانی شەپۆلەکانی گەرمای وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی گەرما لە هاوینی ساڵی 2026دا، کە بە گەرمترین هاوین دادەنرێت لە ساڵی 1900ەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی هەشت هەزار کەس.

 

دەستەکە ڕایگەیاندووە، ژمارەی ئەو حاڵەتە زیادانەی گیانلەدەستدان کە لە نێوان کۆتاییەکانی مانگی ئایار تاوەکو 20ی ئاب تۆمارکراون گەیشتووەتە حەوت هەزار و 919 حاڵەت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئامارە هێشتا سەرەتاییە و لەگەڵ تەواوبوونی کۆکردنەوەی داتاکانی تایبەت بە هەفتەکانی کۆتایی هاویندا ئەگەری بەرزبوونەوەی هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا پێنج هەزار و 722 حاڵەتی گیانلەدەستدانی پەیوەست بە گەرماوە تۆمارکرابوون.

 

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، گیوم بۆلانجییە، بەرپرس لە دەستەی تەندروستیی گشتیی فەڕەنسا، هاوینی 2026ی بە "بێپێشینە" وەسفکرد و هۆکارەکەی بۆ بەردەوامی و یەک لە دوای یەکیی شەپۆلەکانی گەرما گەڕاندەوە، هاوکات داتاکانیش دەریاندەخەن کە کەسانی بەتەمەن زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

سەرەڕای ئەوەی شەپۆلە کوشندەکەی گەرمای ساڵی 2003 هێشتا لە یادەوەرییەکاندا ماوەتەوە کە تێیدا نزیکەی 15 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام دەستەی کەشناسیی فەڕەنسا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هاوینی 2026 گەرمترین هاوین بووە لە ساڵی 1900ەوە، بە جۆرێک پلەکانی گەرما پێش هاوینەکانی 2003 و 2022 کەوتوونەتەوە.

150 جار خوێندراوەتەوە