هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بچێتە بەریتانیا زیندانی دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
06:39 - 21/07/2021
جیهان
+
-

پەرلەمانى بەریتانیا پڕۆژەیاسایەکى نوێی پەسەند کرد، گەیشتنی کۆچبەران بەو وڵاتە بەشێوەیەکى نایاسایی و قاچاخ بە تاوان دادەنرێت و سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

 
بریتى باتیل، وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا ڕایگەیاند، یاسایى ڕەگەزنامە و سنورەکان چارەسەرى "سیستمى پەنابەرى" دەکات و کارەکانى قاچاغچێتیش کۆتاى پێدەهێنرێت کە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە بەشێوەیەکى نایاسایى خەڵکى دەپەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتە.


بەپێى یاساکە کە بە 366 دەنگ پەسەندکراوە، دەسەڵاتى داوەتە هێزەکانى پاسەوانانى سنور بۆ گەڕانەوەى بەلەمى کۆچبەران کە هەوڵى پەڕینەوەى نۆکەندى ئینگلیزى دەدەن لە فەڕەنسا بە بەکارهێنانى هێز ئەگەر پێویستى کرد.  

هەروەها، ئەوانەشى کە بەشێوەیەکى نایاسایی دەچنە ئەو وڵاتەوە لە 6 مانگەوە بۆ 4 ساڵ سزاى زیندانیکردن بەسەریاندا دەسەپێنرێت و هەروەها سزاى زیندانیکردنى هەتاهەتایش بۆ ئەو قاچاخچیانەى کە سەرپێچى یاساکە دەکەنەوە.


بەپێى یاساکە ئەوە یەکەمینجارە گەیشتن بە بەریتانیا بەشێوەیى یاسایى و نایاسایى کاریگەرى لەسەر قبوڵکردنى داواى مافى پەنابەرێتى لەو وڵاتە هەبێت.


ئەوەش خراوەتە ڕوو، حکومەتى بەریتانیا بەو یاسایە دەیەوێت چاکسازییەکى گشتگیر لە بنەماکانى مافى پەنابەرێتیدا بچەسپێنیت لەدواى دەرچوونى لە یەکێتى ئەوروپاوە و هەروەها بۆ ئەوەى ڕێگرى لە هەوڵەکانى پەڕینەوەى کۆچبەران لەڕێگەى نۆکەندەکانەوە بۆ ئەو وڵاتە چڕ بکاتەوە.  

2861 جار خوێندراوەتەوە