جەژنى قوربان یەکێکە لە دوو جەژنەکەى ئاينى ئیسلام، تایبەتمەندى ئەم جەژنە
یادکردنەوەى بۆنەیەکى مەزنە ئەویش کۆتایى هێنانە بە قوربانیدان بە مرۆڤ، هەروەها
یادکردنەوەى قوربانیدانى ئیبراهیم پێغەمبەر کاتێک لەسەر فەرمانى خودا ویستى کوڕەکەى سەرببرێت.
ئەنجامدانى قوربانى و ماوەى جەژنەکە کە بریتیە لە چوار رۆژ، خاڵى جیاوازى جەژنى قوربانە لەگەڵ جەژنى
رەمەزان، جگە لەو جیاوازیانەش لە وڵاتانى ئیسلامى ئەم جەژنە چەند ناوێکى جیاوازى
هەیە، بەڵام لەمانادا زۆربەى ئەو ناوانەى بۆى دانراوە گوزارشتە لە ئەنجامدانى
قوربانى.
لە میسر و سودان و سوریا و ئوردن و لوبنان و زۆربەى نیمچەى دورگەى عەرەبى بە
(جەژنی قوربان یان قوربانى) ناودەبرێت، ناوەکەش ئاماژەیەکە بۆ ئەنجامدانى
قوربانى لەلایەن ئیبراهیم پێغەمبەرەوە کاتێک ویستى فەرمانى خودا جێبەجێ بکات و کوڕەکەى
بکاتە قوربانى.
جەژنى قوربان لە وڵاتانى مەغریبى عەرەبى و نایجیریا (جەژنى گەورە)
ناودەبرێت، ئەوەش بەو مانایەى کە رێورەسمەکانى جەژنى قوربان و جموجۆڵى بازرگانى بە
بەراورد بە جەژنى رەمەزان گەورەترە.
لە وڵاتى بەحرەین پێى دەوترێت جەژنى حاجیان، ئەوەش بە مانایەى کە لە رۆژانى
جەژندا حاجیان سەرقاڵى جێبەجێکردنى روکنەکانى فەریزەى حەجن.
لەتورکیاش بە جەژنى قوربان دەڵێن (کوربان بایرامى)، لەگەڵ نزیک بونەوەى
بۆنەکەشدا موسوڵمانى تورکیا بەرەو بازاڕى فرۆشتنى ئاژەڵان دەچن، هەرکەسێک بەپێى
تواناى مادى خۆى ئاژەڵێک دەکڕێت و دەیکاتە قوربانى، جا مەڕ بێت یاخو مانگا یان هەر
ئاژەڵێکى تر کە شیاو بێت بۆقوربانى.
لە سەنیگال و گامیبیا بەشێک لە وڵاتى مالى بە جەژنى قوربان دەوترێت
(تاباسکى) کە لەوشەى تافاسکى يان تافسکاى ئەمازغیەوە وەرگیراوە و بۆگوزارشت کردن
لە بۆنە ئاینیەکان بە گشتى و جەژنى قوربان بەتایبەتى بەکاردەهێنرێت.
لە وڵاتى فلیپین پێى دەوترێت جەژنى تەشریع، لە وڵاتانى
مالیزیا و ئیندۆنیزیا سەنگاپورە پێى دەوترێت ( مارى رایا حاجى).
744 جار خوێندراوەتەوە