سەدر پەیامێک ئاراستەى ئێران و سعودیە دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:01 - 21/06/2021
عێراق
+
-

موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر پەیامێک ئاراستەى هەریەک لە ئێران و سعودیە دەکات و داوایان لێ دەکات دەستبەردارى دەستوەردان بن لە کاروبارى عێراق و پەیامێکى تایبەتیش ئاراستەى سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردراوى ئێران دەکات.

سەدر لەو پەیامەیدا کە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر بڵاویکردوەتەوە، نوسیویەتى، داوا لە هەردوو دراوسێى خۆشەویستمان عەرەبستانى سعودیە و کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەین، کێشەکانیان چارەسەربکەن و عێراق نەکەن بە بەشێک لە ململانێکانى نێوانیان

داواشى کردوە، ئێران و سعودیە دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆیى عێراق نەکەن، بەتایبەتى کە لەئێستادا لەبەردەم هەڵبژاردندایەو هەڵبژاردنیش پرسێکى ناوخۆییە.

لەبەشێکى دیکەى ئەو نوسینەدا، موقتەدا سەدر داواى لەئیبراهیم رەئیسى سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردراوى ئێران کردوە ئاستى گرژى و ئاڵۆزییەکانى ناوچە بەرزنەکاتەوە و لەسەر بنەماى ژیرى و دیالۆگ و شەرع کاربکات بۆ کۆتایى هێنان بە کێشە و ململانێکان لە ناوچەکەدا.  

1104 جار خوێندراوەتەوە