دوای (11) ساڵ لە ونبونی لەماڵی دراوسێكەیان دۆزرایەوە

KNN : Kurdish News Network
08:41 - 16/06/2021
هەمەڕەنگ
+
-

كچێكی هیندی، ساڵی (2010) ماڵەوەیان جێدەهێڵێت و بێ ئەوەی هیچ كەسێك ئاگادار بكاتەوە بەرەو شوێنێكی نادیار دەڕوات، بەڵام لەماوەیەدا دەركەوتووە، كە لە دووری (500) مەتر لە ماڵی باوانییەوە دەژی و لەو كاتەوە هیچ كەسێك پێینەزانیوە.

 

 
كچەكە ناوی ساجیسایە لەو كاتەدا تەمەنی (18) ساڵبووە، خێزانەكەی بێهیوا بوبون لەوەی جارێكی دیكە بیبیننەوە، چونكە پێیانوابووە مردووە یاخود سەفەری بۆ شوێنێكی زۆر دوور كردووە، بێ ئاگا لەوەی لەهەمان گوندی خۆیان نیشتەجێییە.

 

ئەوان خەڵكی گوندی ئایالۆری شاری كیرالان، كچەكە بڕیار دەدات ماڵی خۆیان بەرەو ماڵی خۆشەویستەكەی جێبهێڵێت، دوای ئەوەی هەردووكیان بێهیوا بوبون لە قایلبونی خێزانەكانیان بە ئەنجامدانی پەیوەندی هاوسەرگیری لەنێوانیاندا.

 

كچەكە لەكاتی ڕۆشتنی هیچ ئاماژەیەكی جێنەهێشتووە و مۆبایلی پێنەبووە، بۆیە پۆلیسی نەیتوانیوە چارەنوسی دیاریبكات و یارمەتی خێزانەكەی بدەن، دایك و باوكیشی هیچ گومانی ئەوەیان نەبردووە كە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كەسێكدا هەبێت و كە لەخۆیان نزیك بێت.

 

لەم مانگەدا ئەلینشۆفاتیل ڕەحمان ئەو كوڕەی پەیوەندی لەگەڵ كچەكەدا هەبووە لەماڵ دیار نامێنێت، خێزانەكەی پۆلیس ئاگادار دەكەنەوە، دواتر خوشكەكەی بە ڕێكەوت دەیبینێت و دوای دەكەوێت دەبینێت دەچێتە ماڵێكەوە لە گوندێكی نزیك خۆیان كە لەگەڵ ساجیسا بە كرێ گرتویانە.

 

دوای قسەكردن لەگەڵیان دەركەوتووە، ماوەی ئەو 11 ساڵە ساجیسا لەماڵی ڕەحمان ژیاوە، بێ ئەوەی هیچ كەسێك پێی بزانێت، چونكە كوڕەكە بەردەوام ژوورەكەی خۆی داخستووە نەیهێشتووە كەس بچێتە ناوی.

 

ئەو كچە بەردەوام لە ژووری خۆشەویستەكەی ماوەتەوە و لەوێ خۆی حەشارداوە، كاتێكیش ماڵی ڕەحمان لەماڵ نەبوون بە ئازادی لە ماڵەكەدا هاتوچۆی كردووە.

 

دوای ئەوەی دادگای ناوخۆی شارەكە گوێ لە چیرۆكی كوڕ و كچەكە دەگرێت، ڕێگەیان پێدەدات لەژیان بەردەوام بن بەشێوەیەكی یاسایی هاوسەرگیرییەكەیان قبوڵ دەكات.

2543 جار خوێندراوەتەوە