ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى لەبارەى ئازادکردنى قاسم موسلیح فەرماندەى حەشدى
شەعبى روونکردنەوە دەدات و جەخت دەکاتەوە هیچ بەڵگەیەک نەبووە بۆ تێوەگلانى لە
کوشتنى چالاکوان ئیهاب وەزنى.
ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، دواى دەستگیرکردنى
قاسم موسلیح لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەسەر کەیسى کوشتنى چالاکوان ئیهاب وەزنى،
دەرکەوت هیچ بەڵگەیەک لەدژى نیە کە تێوەگلانى لە کوشتنى ئەو چالاکوانە بسەلمێنیت، هەروەها
لەکاتى دەستگیرکردن و لێکۆلینەوە لەگەڵیدا بنەماڵەى ئیهاب وەزنى هیچ بەڵگەیەکیان
لە دژى پێشکەش نەکردوە، ئەو لایەنانەش کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامداوە نەیانتوانیوە هیچ
بەڵگەیەک بەدەستبهێنن کە تێوەگلانى لەو کردەوەیە بسەلمێنێت.
ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى ئاشکراشى کردوە، بەپێى زانیارییەکانى پاسپۆرتەکەى،
تۆمەتبارەکە لەکاتى کوژرانى ئیهاب وەزنیدا لە دەرەوەى وڵات بووە، هەروەها لەکاتى
لێکۆڵینەوەشدا رەتى کردوەتەوە کە بەشێوەى راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەو تاوانەدا
بەشداربوبێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە، لەبەرئەوەى دادگاى لێکۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەکى لەسەر
تێوەگلانى لەو تاوانە دەست نەکەوت بڕیارى ئازادکردنیدا.
قاسم موسڵیج رۆژى (26) ى ئایارى ئەمساڵ بە تۆمەتى کوشتنى چالاکوان ئیهاب وەزنى
لە ناوچەى دۆرەى باشورى بەغدا دەستگیرکرا.
520 جار خوێندراوەتەوە