مافى میواندارى کوپا ئەمەریکا لە ئەرژەنتین وەرگیرایەوە

KNN : Kurdish News Network
08:56 - 31/05/2021
وەرزش

دواى وەرگرتنەوەى مافى میوانداریکردنى کوپا ئەمەریکا لە وڵاتى کۆڵۆمبیا بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە، یەکێتى تۆپى پێى ئەمەریکاى لاتین مافى میواندارى پاڵەوانێتییەکەى لە ئەرژەنتینیش وەرگرتەوە.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەمەریکا کە بە (کۆنمیبۆڵ) ناسراوە لە تویتێکدا رایگەیاند: کۆپا ئەمەریکای ئەمساڵ لە وڵاتی ئەرژەنتین ئەنجام نادرێت.

لە راگەیەنراوەکەداى کۆنمیبۆڵ ئەوە خراوەتەڕوو کە لە ئەرژەنتین حاڵەتەکانى توشبون بە کۆرۆنا بەشێوەیەکى خێرا بڵاو دەبێتەوە بۆیە پاڵەوانێتییەکە لەوێ ناکرێت.

جەختیشى کردۆتەوە، لەو چەند رۆژەدا هەڵسەنگاندن بۆ یەکێک لەو وڵاتانە دەکەن کە داواکارییان پێشکەشکردوە بۆ میوانداریکردنى کوپا ئەمەریکا و ئەوانیش وڵاتێک دیارى دەکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە، کوپا ئەمەریکاى ئەمساڵ بڕیاربوو لە هەردوو وڵاتى کۆڵۆمبیا و ئەرژەنتین بەهاوبەشى بەڕێوە بچێت، بەڵام چەند رۆژێک پێش ئێستا بەهۆى دروستبونى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان لە کۆڵۆمبیا، کۆنمیبۆڵ مافى میواندارى لەو وڵاتە وەرگرتەوە و ئەرژەنتین ئامادەیى دەربڕى بەتەنها میواندارییەکە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام بەرزبونەوەى ژمارەى توشبوان و تەشەنەکردنى کۆرۆنا لەو وڵاتەدا، رێکخەرانى پاڵەوانێتییەکەى ناچارکرد مافى میواندارییەکە لە ئەرژەنتین وەربگرنەوە.

302 جار خوێندراوەتەوە