یانە پاڵەوانەکان؛ ئەمشەو هەموو چاوەکان دەچنە لەندەن

KNN : Kurdish News Network
07:48 - 05/05/2021
وەرزش
+
-

ئەمشەو هەموو چاوەکانى تۆپى پێ دەچنە لەندەن بۆ بینینى یارى نێوان چێڵسى ئینگلیزى و ریاڵ مەدریدى ئیسپانى، دەیانەوێت بزانین کامیان بلیتى کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکان دەباتەوە.

کاتژمێر (10:00)ى ئەمشەو بەکاتى هەرێمى کوردستان، لە یارى گەڕانەوەى پێش کۆتایى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا، یاریگاى (ستامفۆرد بریج) لە شارى لەندەن دەبێتە مەیدانى روبەڕوبونەوەى چێڵسى و ریاڵ مەدرید.

یانەى بلوز بە سود وەرگرتن لەو گۆڵەى لە یارى چون لە ریاڵ مەدریدى تۆمارکرد، دەیەوێت بیکاتە چەکێکى بەهێز و مێرنگى لە گەیشتن بە یارى کۆتایى بێبەش بکات، هەرچى کوڕانى زێدانیشە کە پاشاى ئەو پاڵەوانێتیەن دەیانەوێت بە مێژو و کەسایەتى یارییەکە ئەنجام بدەن و سەرکەوتن بنوسنەوە.

ئەم وەرزە بۆ ریاڵ مەدرید قورس و ئاڵۆزە، ئەوەش بەهۆى پێکانە زۆرە یەک لە دواییەکەکانى یاریزانان، بەڵام لێهاتوى زێدان وایکرد ریاڵ مەدرید کەسایەتى لە دەست نەدات و یارى لە دواى یارى بجەنگن، هەرچەندە ئەمشەو کاپتى قەڵاى سپى سێرجیۆ رامۆس پاش دابڕانێکى زۆر لە یاریکردن گەڕاوەتەوە و ڤاڵڤێردیش ناوى لە لیستى یاریزانەکاندایە، بەڵام پێناچێت زێدان بەشێوەیەکى سەرەکى بەشداریان پێبکات.

بۆ یارییەکەى ئەمشەو یاریگا و ئەنجامى رابردوو لەبەرژەوەندى تۆخێل و یاریزانانى بلوزە، چونکە هەم لە یاریگاى خۆیان یارى دەکەن و هەم لە یارى رابردوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە گۆڵێک یەکسان بوون، بەڵام ریاڵ مەدرید تیپى ئەو ئاڵنگارییانەیە و نێچیرێکى ئاسان نیە.

یانەى ریاڵ مەدرید بە بەدەستهێنانى (13) نازناو پاشاى پاڵەوانێتییەکەیە و چێڵسیش تەنها یەک جار نازناوەکەى بەرزکردۆتەوە، ئەگەر بێت و یانە ئینگلیزییەکە سەرکەوێت ئەوا لە یارى کۆتایى دوو یانەى ئینگلیزى روبەڕوى یەکدەبنەوە، ئەوەش دواى ئەوەى شەوى رابردوو مانچستەر ستى بەسەر پشتى پاریس سانجێرماندا خۆى گەیاندە یارى کۆتایی و چاوەڕێى یارى ئەمشەو دەکات.

358 جار خوێندراوەتەوە