حکومەتى هەرێم بڕیاریدا کرێى ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەکان کەم بکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
07:08 - 04/05/2021
کوردستان

حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى کرێى ئاوى ماڵان و شوێنە گشتییەکان، بەپێى بڕیارەکە بەرزترین نرخى کرێى ئاو (45) هەزار دینار دەبێت بۆ یەک مانگ.

 

فەرمانگەى میدیا و زانیارى رایگەیاند:حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە رێنماییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی هەمواركردەوە و  بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكان.

 

دەشڵێت: بەپێى بڕیارەکە بەرزترین ئاستی كرێی ئاو نابێت لە (45) هەزار دینار زیاتر بێت، وێڕای ئەوە بڕیاری لێخۆشبوونیشی لە بەشێكی قەرزەكانی دا، وەك نموونە: ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بۆ چەند مانگێك بڕێكی زۆر پارەی بۆ هاتبێتەوە، لە كاتی دانەوەی قەرزەكەیدا هەر مانگەی (45) هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت.

 

لە بڕیارەکەدا ئەوە رونکراوەتەوە ئەگەر هاوڵاتیان هەرچەندێک ئاو بەکاربهێنن، بەڵام مانگانە لە (45) هەزار دینار زیاتریان بۆ نایەتەوە، بۆنمونە ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بەگوێرەی پێوەرەكەی مانگی بای (100) هەزار دیناریش ئاو سەرف بكات، تەنیا (45) هەزار دینار دەدات، سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانیش، ئەگەر هاوبەشێك بڕی (400) هەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ هاتبێتەوە، ئێستا لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا مانگی تەنیا (45) هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو چوارسەد هەزار دینارە قەرزە، تەنیا 180 هەزار دینار دەداتەوە حكوومەت، ئەمەش رێژەیەكی زۆری لێخۆشبوونە.

 

هەروەک جەختکراوەتەوە لە بەستنی پێوەری ئاو و سزادانی ئەو كەسانەی نەیانبەستووە، ئەوەش رونکراوەتەوە کە  ئەگەر هاووڵاتییەك پێوەری ئاو ببەستبێت لە قازانجی خۆیەتی، بۆ نموونە، ئەوكات بەگوێرەی پێوەرەكە پارە دەدات، ئەگەر مانگی بای (10) هەزار دینار ئاوی خەرج كردبێت، هەر ئەوەندەی بۆ هەژمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر هەمان هاووڵاتی مانگانە بەگوێرەی هەمان پێوەر، بای (100٩ هەزاری ئاوى خەرج كردبێت، تەنیا (45) هەزارەكە دەدات، لەو حاڵەتەدا هاووڵاتی چەند جار قازانج دەكات.

3093 جار خوێندراوەتەوە