وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەدات و داوای پاراستنی ئاسمانی هەرێم دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:42 - 28/09/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە ڕۆژی 30ی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە و، جێهێشتنی هەرێمیش بەبێ دابینکردنی سیستەمێکی بەرگری جێگەی نیگەرانییە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی ئاسمانی هەرێم لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراق، ئەمریکا و هاوپەیمانانە، بەڵام ئەم هەنگاوە لە کاتێکی هەستیاردایە کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کردووە، لە کاتی ململانێکانی مانگەکانی ڕابردووی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. بۆیە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەم دۆخە ئاڵۆزەدا و بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە، بەڵام پێیانوایە ئەرکی لەپێشینەی حکومەتی فیدراڵە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وەزارەتەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هێزی پێشمەرگە وەک ڕابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان دەبێت و بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک ئامادەیە. هەروەها وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، جەخت لە بەردەوامبوونی پەیوەندییە دەستووری و ئەمنییە پتەوەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە بۆ کارکردنی هاوبەش و پتەوکردنی سەقامگیری.

74 جار خوێندراوەتەوە