سلێمانى؛ ئەنجومەنى لاوانى کوردستان لەمەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوە

KNN : Kurdish News Network
10:59 - 03/05/2021
کوردستان
+
-

لەسێیەمین کۆبونەوەى ئەنجومەنى لاوانى کوردستاندا بڕیاردار شاندێکى ئەو ئەنجومەنە سەردانى سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێمى کوردستان و کەسى یەکەمى لایەنە سیاسییەکان بکات.

ئەمڕۆ (3/5/2021) ئەنجومەنی لاوانی کوردستان کە پێکدێت لە رێکخراوەکانى لاوانى زۆربەى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبونەوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەش، زەعیم ناوەر جاف، بەرپرسى پەیوەندییەکانى ئەنجومەنەکە بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN) ى راگەیاند، ئەم کۆبونەوەیە سێیەمین کۆبونەوەى ئەنجومەنەکەیە کە تێیدا گفتوگۆ کرا لەبارەى سەردانکردنى سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم و لایەنە سیاسیەکان و کۆبونەوە لەگەڵ کەسى یەکەمى لایەنە سیاسیەکان.

سەبارەت بە ئامانجى ئەو سەردانانەش، بەرپرسى پەیوەندییەکانى ئەنجومەنى لاوانی کوردستان رونیکردەوە، ئامانجى ئەو سەردانانەش بۆ ئەوەیە رۆڵى گەنجان دیارى بکرێت بەتایبەتى لەو پرسانەى پەیوەندیان بەگەنجەوە هەیە.

راشیگەیاند، لەکۆبونەوەکدا کارنامەی ئەنجومەنەکە گفتوگۆى لەبارەوە کراوە و بڕیاریشدراوە کۆبونەوەى داهاتوو لە (27)ى ئەم مانگە لە شارى هەولێر ئەنجام بدرێت.

 

 سلێمانى - بڕیار نامیق

905 جار خوێندراوەتەوە