زۆرن ئەو كەسانەی
بە وەرزشكردنەوە سەرقاڵن و رۆژانە چەندین جۆری ڕاهێنانی وەرزشی جیاواز ئەنجام دەدەن،
بەڵام لە مانگی ڕەمەزاندا باشترە ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان جیاوازبێت لە ڕۆژانی
ئاسایی.
بەڕای ڕاهێنەرە
وەرزشییەكان ئەو كەسانەی كە لەپێش مانگی ڕەمەزاندا سەرقاڵی وەرزشكردن بوون و بەرنامەی
تایبەتیان بۆ وەرزش كردن هەیە، واباشترە لەم مانگەدا لە وەرزشكردن بەردەوام بن، بەڵام
گۆڕانكاری لە كاتی ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكاندا بكەن.
شێوازی وەرزش لەم
مانگەدا دابەش دەبێت بەسەر دوو كاتی جیاوازدا، ئەوانیش پێش بەربانگ و دوای بەربانگ
كردنەوە، بەپێی كاتەكەش گۆڕانكاری بەسەر جۆر و ماوەی ئەنجامدانی ڕاهێنانەكاندا دێت.
ئەگەر ڕاهێنانە
وەرزشییەكان لە پێش بەربانگ ئەنجامدران، ئەوا باشترە كاتژمێرێك پێش بەربانگ ئەنجام
بدرێت، بەجۆرێك دوای چەند خولەكێك لە تەواوكردنی ڕاهێنانەكان كەسەكە ڕۆژوەكەی بشكێنێت
بۆ ئەوەی قەرەبوی ئەو شلەمەنی و مادە كانزاییانە بكاتەوە كە لەكاتی وەرزشدا كە بە
ئارەقكردنەوە فڕێیداوە.
ڕاهێنانەكان لە
پێش بەربانگ باشترە لە شوێنێكی داخراو و فێنكدا بێت، هەروەها باشترە ئەو كەسانە
دووربكەونەوە لەو وەرزشانەی پێویستیان بە وزەیەكی زۆرە، بە تایبەت بەرزكردنەوەی
قورسایی، لەبەرامبەردا گرنگی بدرێت بە ئەنجامدانی ڕاهێنانەكانی ڕۆشتن و نەهێشتنی
ورگ.
بەڕای پسپۆڕەكان
وەرزش كردن پێش بەربانگ سودێكی زۆری بۆ تواندنەوەی چەوری هەیە، چونكە ماوەی چەندین
كاتژمێرە لەش هیچ خواردنێكی وەرنەگرتووە بەتایبەت ئەوانەی نیشاستە و كاربۆهیدراتیان
تێدایە، بۆیە بە ئاسانی زۆرترین بڕی چەوری دەسوتێنێت.
سەبارەت بەو كەسانەی
دوای بەربانگ ڕاهێنانی وەرزشی ئەنجام دەدەن، دەبێت پاش زیاتر لە كاتژمێرێك بێت لە
خواردنی ژەمەكە، چونكە لەو كاتەدا لەش وزە و توانای پێویستی بەدەست هێناوەتەوە.
بەڕای ڕاهێنەرانی
وەرزشی شتێكی ئاساییە كە تا كاتی پارشێو كردن ڕاهێنانی وەرزشی ئەنجام بدرێت، بەڵام
ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی ڕاستەوخۆ دوای خواردنی ژەمی بەربانگ شتێكی دروست نییە
و زیانی تەندروستی بەدواوەیە.
دیارترین سودەكانی
وەرزش كردن لە مانگى ڕەمەزاندا چالاككردنی كاری ئەندامەكانی ناوەوەی جەستە بە تایبەت
كۆئەندامی هەرسە، هەروەها ڕێگری كردنە لە زیادبونی كێشی لەش و سوتاندنی چەوری زیان
بەخش، ئەمە جگە لەوەی لەش لەچەند نەخۆشییەكی جیاواز دەپارێزێت.
524 جار خوێندراوەتەوە