تەندروستی جیهانی داوای وەستاندنی پرۆگرامێك دەكات كە ئەنجلینا جولی پاڵەوانێتی

KNN : Kurdish News Network
10:11 - 25/04/2021
هەمەڕەنگ
+
-

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەشێوەیەكی فەرمی، داوای وەستاندنی پرۆگرامی كامێرای شاراوەی كەناڵێكی تونسی دەكات، كە كەسایەتییەكی هاوشێوەی ئەنجلینا جولی پاڵەوانێتی.

 

 
پرۆگرامەكە ناوی "ئەنجلینا 19"یە لە كەناڵی نەسمەی ناوخۆیی تونس پێشكەش دەكرێت، هۆكاری داواكارییەكەی تەندروستی جیهانیش بەهۆی بەكارهێنانی دروشمی ڕێكخراوەكە لە بەرنامەكەدا بێ ئەوەی مۆڵەتیان لێوەربگیرێت.

 

 

بەیاننامەكەی (WHO) ئاماژە بەوە دەكات، ئەو پرۆگرامە گاڵتە بە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، ئەوەش سوكایەتی بە ڕێكخراوەكە، هەروەها قۆستنەوە هەلێكە بۆ دروستكردنی كاریگەری خراپ لەسەر بینەران، لەكاتێكدا هەموو هەوڵەكان بۆ هاندانی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنایە بەڵام بەرنامەكە بە پێچەوانەوە خەڵكی دەترسێنێت.


بیرۆكەی بەرنامەكە چییە؟

 

لە پرۆگرامەكەدا كەسایەتییەكی (سیاسی، هونەر، وەرزشی، پزیشكی، هتد....) بۆ چاوپێكەوتنێك بانگهێشتی كەناڵەكە دەكرێت، لە كاتی پرۆگرامەكەدا ئەنجلینا جولی وەك نوێنەری (WHO) دەچێتە ستۆدیۆ و باس لە سەردانە كتوپڕەكەی دەكات بۆ تونس كە بەمەبەستی پێدانی 100 هەزار ڤاكسینە بەو وڵات، بۆ یارمەتیدانی لەڕوبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا.

 

ئەو كەسایەتییەی ڕۆڵی جولی دەگێڕێت هونەرمەندێكی ئەمریكی بەڕەگەز ئیسپانییە و ناوی لینا ساندسە، لە دوای چونە ناو ستۆدیۆ و قسەكردن، پێشنیار بۆ پێشكەشكار و میوانی پرۆگرامەكە دەكات كە لەگەڵیدا بڕۆن و بە ڤاكسینەكە خۆیان بكوتن.

 

دوای ئەوە میوان و پێشكەشكارەكە لەگەڵ كارمەندانی دیكەی كەناڵەكە ڤاكسینەكە وەردەگرن، ڕووداوەكان پەرە دەسێنێت، بەشێكیان وای نیشان دەدەن كە نیشانەی مەترسیداریان لەسەر دەركەوتووە  تا كار دەگاتە ئەوەی یەكێیان بە ڤاكسینەكە گیان لەدەست دەدات، ئەوەش میوانەكە توشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر دەكات.

 

وەلید زەریبی بەرهەمهێنەری پرۆگرامی "ئەنجلینا 19" لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕەخنەی لە داواكارییەكەی تەندروستی جیهانی گرتووە و نوسیوێتی "ئەمە ئەنجامەكەیەتی، تەندروستی جیهانی داوا دوا لەوەزارەتی دەرەوە دەكات پرۆگرامێكی كامێرای شارەوە بوەستێنێت".

1168 جار خوێندراوەتەوە