بەرشەلۆنە دەیەوێت بەبردنەوەى (جامى شا) لە کابوسى لاکارتۆخا رزگارى بێت

KNN : Kurdish News Network
07:40 - 17/04/2021
وەرزش
+
-

ئەمشەو یارى کۆتایى جامى شاى ئیسپانیا لە نێوان هەردو یانەى بەرشەلۆنە و ئەتلەتیک بلباو ئەنجام دەدرێت و دواى شکستى کلاسیکۆ کومان و کوڕەکانى دەیانەوێت برینەکانى بلوگرانە بە جامى شا ساڕێژ بکەن.

یارییەکە کاتژمێر (10:30) خولەک بە کاتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات و یاریگاى لاکارتۆخاى تایبەت بە یانەى سیڤیلیا لە هەرێمى ئەندەلوس بەڕێوە دەچێت.

بەرشەلۆنە ئامانجییەتى بە بردنەوەى جامى شا، لەلایەک نەفرەتى لاکارتۆخا لە یەخەى خۆى بکاتەوە، چونکە  نزیکەى یەک سەدەیە هەر یارییەکى کۆتایى لەو یاریگایە ئەنجامدابێت شکستى هێناوە، لەلایەکى دیکەشەوە دەیەوێت بە بردنەوەى جامى شا برینەکانى کلاسیکۆ و کرانەدەرەوەیان لە چامپیۆنس لیگ ساڕێژ بکات.

تایبەت بە کوڕانى گارسیا تۆڕاڵ کە راهێنەرایەتى ئەتلەتیک بلباو دەکات، چەندین یارى لەسەریەکە نەیبردۆتەوە و بە دۆخێکى خراپدا هەنگاو دەنێن، بەڵام دەیانەوێت هەمان دیمەنەکانى یارى کۆتایى جامى سۆپەرى ئیسپانى پیشانى بەرشەلۆنە بدەنەوە کاتێک سێ گۆڵ بە رامبەر بە دوگۆڵ لە هەمان یاریگا، نازناوى جامى سۆپەریان لە میسى و هاوڕێیانى رفاند.

هەردو یانە لە جامى شا، خاوەن دەستکەوتى گەورەن بەشێوەیەک بەرشەلۆنە (30) جار جامەکەى بردۆتەوە و ئەتلەتیک بلباویش (23) نازناوى بەدەستهێناوە.

388 جار خوێندراوەتەوە