رونکردنەوە لەبارەى ئەو گازە ژەهراویەوە دەدرێت کە بەرەو ئاسمانى عێراق دێت

KNN : Kurdish News Network
10:57 - 04/04/2021
عێراق

کەشناسى عێراق دڵنیایى دەدات لەوەى ئەو شەپۆلى گازە ژەهراویەى بەرەو ئاسمانى عێراق دێت زۆر نامێنێتەوە، دەشڵێت: چڕیەکەى زۆر نیە و پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات.

واسق سەلامی، کەشناسی دیاریی عێراق رونکردنەوەیەکى لەبارەى گەیشتنی ئەو شەپۆلی گازی دووەم ئۆکسیدی کبریتە کە بۆ ئاسمانی عێراق دێت بڵاوکردەوە و رایگەیاند: شەپۆلى گازەکە بەرەنجامى گڕکانێکە لە ئیتاڵیا و کە بە ئاسماندا دێت و دەچێت و ئاسمانى عێراقیش دەگرێتەوە، بەڵام گازەکە لە چینەکانى سەرەوەى کەش دەمێنێتەوە و چڕیەکەشى زۆر کەمە و لە ئاسمانى عێراق زۆر نامێنێتەوە.

لاى خۆیەوە عەباس سەعد، شارەزای لە پەیمانگای جیۆلۆجی و بۆشاییەکانی ئاسمانی لە عێراق لە لە رونکردنەوەیەکدا ئاشکرایدەکات، ئەو گازە مەترسی هەیە، بەڵام نەک وەک ئەوەی کە باسى لێوەکراوە، بۆیە پێویست بەهیچ ترسێک ناکات، چونکە لە کاتی گەیشتنی بۆ عێراق زۆر لاواز دەبێت.

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە، کەشناسى دیارى عێراقى سادق کەتیە رایگەیاند: شەپۆلێکى گەورەى غازى دووەم ئۆکسیدى کبریت (So2) بەرەو ناوچەکانی شام دێت، دواتریش بەرەو عێراق و تورکیا.

هۆشداریشى دابوو کە ئەو گازە، گازێکى ژەهراوییە و بۆنێکى تیژى هەیە و کاریگەرى لەسەر لوت و چاو دادەنێت.

2177 جار خوێندراوەتەوە