شێوازی دروست چییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵ؟

KNN : Kurdish News Network
08:09 - 01/04/2021
هەمەڕەنگ
+
-

قۆناغەكانی تەمەنی منداڵ جیاوازن و لەهەر یەكێك لەو قۆناغانەدا منداڵ پێویستی بە مامەڵەی تایبەت هەیە كە زۆر كەس بە جۆرێكی هونەری ناوی دەبەن، بەپێی ئەو جۆری مامەڵەیەش كە لەگەڵیدا دەكرێت دەتوانرێت رەفتار و شێوازی ژیانی منداڵ دیاری بكرێت.

پسپۆڕانی منداڵان باس لەوە دەكەن، ناكرێت منداڵ بەتەنها شێوازێك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵكو پێویستە بەپێی تەمەنەكەی و ئەو گۆڕانكارییە جەستەی و دەرونیانەی بەسەریدا دێت جۆر و شێوازی مامەڵە لەگەڵیدا بگۆڕێت.

هەروەها پێویستە باوانی منداڵ بەجۆرێك منداڵەكەی ڕابهێنێت كە بەپێی كاتی گونجاو كارەكانی ئەنجام بدات، لەگەڵیشیدا شێوازی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیر و ڕاكان لەبری فەرمان كردن بەكاربهێنێت تا بتوانێت بە ئاسانترین شێوە منداڵ گوێرایەڵ بێت.

لەكاتی ئەنجامدانی هەڵەیەكیش لەلایەن منداڵەكەوە پێویستە دایك و باوك لەبری سزادانی منداڵەكە بە جۆرێك مامەڵە بكەن كاریگەری دەرونی خراپ لەسەری جێنەهێڵن بەتایبەت گەر هەڵەكە لەبەردەمی كەسانی دیكەدا ئەنجامدرا.

كێشەیەكی دیكە لە شێوازی مامەڵەی دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكەیدا بریتییە لەوەی زۆر جار بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانیان دەكەن كە ئاستی بیركردنەوەی دیاری كراوە و ناتوانێت هیچ كارێكى سود بەخش ئەنجام بدات.

پسپۆڕانی بواری دەرونی ئاماژە بەوە دەكەن ئەم جۆرە مامەڵەیە زۆر هەڵەیە و كاریگەری خراپی لەسەر منداڵان دەبێت لە رووی دەرونی و كۆمەڵایەتییەوە بە تایبەت لە كاتی گەورەبونیاندا.

پزیشكە دەرونیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم شێوازی مامەڵە كردنە تا كاتێكی زۆر لە مێشكی منداڵەكەدا دەمێنێتەوە و ڕەنگە كێشەی دەرونی بۆ دروست بكات و وادەكات منداڵ متمانەی بە خۆی نەمێنێت.

پێویستە لەسەر باوانی منداڵ لە بابەتە جۆر بەجۆرەكاندا ڕای منداڵەكانیان وەرگرن و ڕاوێژیان پێبكەن، تەنانەت ئەگەر بە قسەی منداڵەكەشیان نەكەن، چونكە ئەوە كاریگەری لەسەر منداڵ دەبێت وادەكات متمانەی بە خۆی زیاتر بێت و هەست بكات كە كەسێكە سەنگی خۆی هەیە و گرنگی پێدەدرێت.

1139 جار خوێندراوەتەوە