رۆژى (23/4/2021) خولى
هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئیسرائیل ناسراو بە (کنێست) ئەنجام دەدرێت کە چوارەمین هەڵبژاردنى
پەرلەمانى ئەو وڵاتەیە لە ماوەى دوو ساڵى رابردودا.
ژورى هەڵبژاردنى
بزوتنەوەى گۆڕان، لە راپۆرتێکدا باس لە وردەکارى و گرفت و ئاستەنگەکانى هەڵبژاردنەکە
و هۆکارەکانى شکستى چوار هەڵبژاردن لەماوەى دوو ساڵى رابردودا دەکات لەو وڵاتەدا.
لەبەشێکى دیکەى
راپۆرتەکەدا، ژورى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان، بایۆگرافیاى دەوڵەتى ئیسرائیل و دەستور
و دامەزراوەکانى حکومڕانى و دەسەڵاتەکانى پەرلەمان و دادوەرى و ئەنجومەنى جێبەجێ
کردن و سیستمى هەڵبژاردن لەو وڵاتە دەخاتەڕوو.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی
ئیسرائیل ناسراو بە (کنێست) گرنگی تایبەتی هەیە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە، هۆکارەکەی
کاریگەری سیاسەتی ئیسرائیلە لەسەر سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئەم هەڵبژاردنەش هەڵبژاردنی
٢٣ی مارسی ٢٠٢١، چوارەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیە لە ماوەی دوو ساڵی
رابردوودا، کە بەهۆی ناکۆکی و رێکنەکەوتنی قەوارە سیاسییە خاوەن پێگەکانی بەشدار لە
(کنێست) بۆ پێکهێنانی حکومەت و یەکلاکردنەوەی بڕیارە سیاسییەکان چەندبارە دەکرێتەوە.
لە هەڵبژاردنی ٩ی نیسانی
٢٠١٩ی پەرلەمانی ئیسرائیل، پارتەکەی سەرۆک وەزیران (بنیامین ناتانیاهۆ) پارتی (لیکۆدی
کۆنزەرڤاتیڤ) سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دەنگەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە بە بەراوردکردنی
لەگەڵ (١٦) ساڵی رابردوی باشترین ئەنجامی بەدەستهێنا، کە بە بەدەستهێنانی رێژەی
(٢٦.٤٦%) توانی ٣٥ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسی (کنێست) بەدەست بهینێت، لەکاتێدا ململانێی
هەڵبژاردنەکە لەنێوان بەرەی چەپ و بەرەی راستڕەوەکان بوو.
لەدوای تێپەڕبونی تەنها
یەک مانگ لە سوێندخواردنی ئەندامانی (کنێست) دەنگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان
دا، ئەوەش روداوێکی سیاسی سەرنجڕاکێش بو، بەڵام بینیامین ناتانیاهۆ کە دەیەیەک سەرۆکایەتی
ئیسرائیلی کردبو، لە هەڵبژاردنەکەی ٩ی نیسانی ٢٠١٩ەوە وا دەهاتە بەرچاو جارێکی دیکە
ئەو پۆستەی مسۆگەرە، سەرئەنجام شکستی هێنا لەوەی زۆرینە دەستەبەر بکات، بۆیە وەک سەرۆک
وەزیرانێکی کاربەڕێکەر ئامادەکاری کرد بۆ دوبارە هەڵبژاردنێکی تر.
بۆ خوێندنەوەى دەقى راپۆرتەکە
کلیک بکە:
هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئیسرائیل
341 جار خوێندراوەتەوە