رۆژی جیهانی نەخۆشی سیل

KNN : Kurdish News Network
09:02 - 24/03/2021
تەندروستی
+
-

سیل یەكێكە لەو نەخۆشیانە كە لە ڕێگەی جۆرە میكرۆبێكی چیلكەییەوە توشی مرۆڤ دەبێت، لە زۆرینەی حاڵەتەكانیشدا، میكرۆبەكە لە سییەكاندا گەشە دەكات.

 

 
بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی سیل و ئەو مەترسییانەی لەسەر ژیانی كەسێك دروستی دەكات، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان، 24 ئازاری هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی سیل دیاریكردووە.

 

تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەو كاریگەرییەی كۆرۆنا لەسەر توشبووانی سیل هەیەتی، چونكە هەردوو نەخۆشییەكە كار لە كۆئەندامی هەناسەدان دەكەن، دوو ئاژانسی ئەوروپیش باسیان لەوەكردووە، سیل لەدوای كۆرۆناوە دووەم مەترسیدارترین نەخۆشییە.

 

یادی ئەمساڵ لەژێر دروشمی "دۆزینەوەی سەرجەم توشبووانی سیل و چارەسەركردنیان) دەبێت، مەبەست لەدیاركردنی ئەو ناونیشانە دۆزینەوەی سەرجەن نەخۆشەكانە تا هیچ كەسێك پشتگوێ نەخرێت، بەهۆی چارەسەری ئەوانەشەوە كۆتایی بە نەخۆشییەكە بهێنرێت.

 

بەپێی دواین ڕاپۆرتی تەندروستی جیهانی ژمارەی توشبووان بە نەخۆشی سیل لە ساڵی 2019 زیاتر لە 10 ملیۆن كەس بووە، كە زۆرینەیان لە وڵاتە هەژار و دواكەوتووەكانن، بەپێی ڕەگەزیش ڕێژەكە گۆڕاوە و زۆرینەیان نێر بوون كە ژمارەیان 5.6 ملیۆن بووە، ژمارەی توشبووانی مێینەش 3.2 ملیۆن بووە، هەروەها منداڵانی توشبوو ژمارەیان 1.2 ملیۆن بووە.

 

ژمارەی ئەو كەسانەی ساڵی 2019 بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیان لەدەستداوە یەك ملیۆن و 400 هەزار توشبوو بووە، ئەوەش وایكردووە نەخۆشییەكە یەكێك بێت لە 10 هۆكاری سەرەكی مردن لە جیهاندا.

 

پسپۆڕانی نەخۆشییەكە باس لەوە دەكەن، ئەو كەسانەی میكرۆبی سیل دەچێتە لەشیانەوە هیچ نیشانەیەكیان تێدا دەرناكەوێت، چونكە میكرۆبەكە دەتوانێت لە هەموو بارودۆخێكدا بژی، بەڵام كاتێك كۆئەندامی بەرگری لەش لاواز دەبێت ،جا بەهۆی نەخۆشیەوە بێت یان هەڵكشانی تەمەن، ئەوا نیشانەكانی سیل دەردەكەوێت.

 

میكرۆبی سیل لە ڕێی هەواوە دەگوێزرێتەو، بەتایبەت ئەگەر تێكەڵاویەكی زۆر لەگەڵ كەسێكی توشبوو بەم نەخۆشییە هەبێت.

 

سەبارەت بە نیشانەكانی پسپۆڕەكان دەڵێن "كۆكەیەكی توند كە ماوەی چەند هەفتەیەك دەخایەنێت و دڵ تێكەڵهات و ڕشانەوە لە دیارترین نیشانەكانین"، هەروەها بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارقكردنەوەیەكی زۆر لە شەواندا، لەگەڵ دابەزینی كێش و نەمانی حەزی خواردن.

 

نەخۆشی سیل لەڕێی ئەنجامدانی چەند پشكنینێك  وێنە گرتنی تیشكییەوە دەست نیشان دەكرێت، لەگەڵ بونی دەرمانی تایبەت بە چارەسەركردنی ئەم نەخۆشییە بەڵام ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی جیهان توشی ئەم نەخۆشییە دەبن.

747 جار خوێندراوەتەوە