خەوتن یەكێكە لە پێویستەیە ڕۆژانەكان بۆ لەشی
مرۆڤ و لەڕێیەوە كۆئەندامى هەرس و بەشەكانی لەش پشوو وەردەگرن و چالاكییەكان دەسپێدەكەنەوە،
بەڵام زاناكان ئاماژە بەوە دەكەن كە چەند زانیارییەك بە هەڵە لەبارەی خەوتنەوە بڵاوبۆتەوە.
رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی چەند زانیارییەكی
ئاشكرا كردووە كەو بە وتەی زاناكان هەندێ ڕاستی سادەن سەبارەت بە خەو كە هاوڵاتیان
بە هەڵە لێكدانەوەیان بۆ كردووە.
بەپێی هەواڵەكە، مرۆڤی ئاسایی ڕۆژانە پێویستە بە
حەوت بۆ 9 كاتژمێر خەوتن هەیە، بەڵام هەندێ كەس گەر كەمتر لەوەش بخەون ئەوا توشی هیچ
كێشەیەك نابن.
بە وتەی زاناكان بۆ ئەوەی كەسێك بزانێت جەستەی
پێویستی بە چەند كاتژمێر خەوتن هەیە، ئەوا باشترە شەوان هەر كاتێك هەستیكرد خەوی دێت
ڕاستەوخۆ بخەوێت، بەیانیانیش هەر كاتێك بێ هیچ زەنگێك خەبەری بۆوە، ئەو كاتژمێرانە
ئەژمار بكات كە خەتووە ئەوا ئەو ژمارەیە دەردەچێت كە ئەو پێویستێتی بۆ خەوتن.
یەكێكی دیكە لەو زانیاریانە باس لەوە دەكات هەست
كردن بە ماندوێتی تاكە نیشانەی كەم خەوی نییە، بەڵكو كەم خەوی كێشەكانی پەیوەندیدار
بە بیر زیاد دەكات و هۆكارێكیشە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە و خەمۆكی و نەخۆشییەكانی دڵ.
یەكێكە دیكە لەو بیروباوەڕە هەڵانەی لە بارەی خەوتنەوە
باوە، زیادكردنی كاتژمێرەكانی خەوتنە لە پشووی كۆتای هەفتە، پسپۆڕەكان باس لەوە دەكەن
زۆر خەوتن لەكاتی پشوودا قەرەبووی زوو هەستان ناكاتەوە لەكاتی ڕۆژانی ئاساییدا.
لەبارەی پرخەوە زاناكان باسیان لەوە كردووە كە
هەندێ كەس پێیان وایە پرخە زیانی نییە، بەڵام ئەوە بیروباوەڕێكی هەڵەیە و گەر پرخەكە
درێژخایان بێت و شەوانە دووبارە بێتەوە ئەوا رەنگە ببێتە هۆی زیادبونی كێشی لەش، هەروەها
ئەگەی توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و خانەكانی خوێن زیاد دەكات.
سەبارەت بەو كەسانەی شەوانە دوای چەند كاتژمێرێك
خەوتن خەبەریان دەبێتەوە زاناكان باسیان لەوە كردووە كە پێویستە لە جێگاكەیاندا بمێننەوە
و دووربكەونەوە لە بەكارهێنانی مۆبایل و ئامێرە تەكنەلۆژییەكانی دیكە تاوەكو بە
ئاسانایی خەویان لێبكەوێتەوە.
993 جار خوێندراوەتەوە