فەیسبووك ئینستەگرامێکی نوێ و جیاواز بۆ (170) وڵات دروست دەكات

KNN : Kurdish News Network
02:50 - 13/03/2021
زانستی
+
-

كۆمپانیای فەیسبووك ڕایدەگەیەنێت، كۆپییەكی نوێ و بچوكراوەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستەگرامی بۆ 170 وڵاتی جیهان دروستكردووە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كێشەیان هەیە لە پەیوەندی بەستن و لاوازی بەكارهێنانی تۆڕەكە.

 

 
تۆڕەكە ناوی ئینستەگرام لایتە، بۆ ئەو مۆبایلانە بەردەستە كە بە سیستمی ئەندرۆید كاردەكەن، پێویستی بە شپۆلێكی كەمتر هەیە لە جۆرە كۆنەكە، بەو پێیەی قەبارەی دوو گێگابایتی دەوێت، لە بەرامبەردا ئینستەگرامی كلاسیك قەبارەی 30 گێگابایتی دەوێت بۆ داگرتن.

 

ئینستەگرام لایت دەتوانرێت لەسەر نەوەی دووەمی ئینتەرنێتیش كاری پێبكرێت، ئەوەش بۆ ئەو وڵاتانە زۆر گونجاوە كە گرفتی لاوازی هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە بەتایبەت هیندستان و وڵاتانی ئەفریقیا و ئاسیا و ئەمریكای لاتین.

 

تەساح هەدار بەڕێوبەری بەرهەمهێنانی فەیسبووك لە شاری تەلئەبیب باسی لەوەكردووە، دروستكردنی ئەو ئینستەگرامە زۆر پێویست و گرنگبووە، بۆیە پەریان پێداوە.

 

هەدار ئاماژەی بەوەشكردووە، ئینستەگرامەكە پێویستی بە فایلێكی زۆر كەم و بچوك هەیە، بۆیە بەكارهێنەر ڕوبەڕووی هیچ گرفتێك ناكاتەوە، ئامانجیشیان لەوە كارە پێشكەشكردنی هەمان ئەو خزمەتگوزارییە كە ئینستەگرام پێشكەشی بەكارهێنەرانی دەكات.
"بەدەستبونی ئینستەگرام لایت لە 170 وڵات تەنها هەنگاوێكی سەرەتایە و كاری باشتری بەدوادا دێت" بەڕێوبەرەكەی ئینستەگرام بەو شێوەیە باسی هەنگاوی داهاتوویان دەكات.

 

پێنج ساڵ پێش ئێستاش فەیسبووك كۆپییەكی دیكەی تۆڕەكەیانی لە قەبارەیەكی بچوكتر خستە بەردەست، بەتایبەت بەو ئەوانەی گرفتیان لە داگرتن و بەكارهێنانی تۆڕەكەدا هەبووە.

376 جار خوێندراوەتەوە