نانخواردن بەخێرایی هیچ كاریگەرییەكی خراپی لەسەر تەندروستی هەیە؟

KNN : Kurdish News Network
08:53 - 26/02/2021
تەندروستی
+
-

یەكێك لەو جیاوازییانەی لەنێوان تاكەكاندا هەیە و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، نانخواردنە بە خێرایی یاخود بە خاوی، بەڵام تائێستا وەڵامی ئەو پرسیارەت زانیوە ئەو دوو كردارە كامیان تەندروستە و كاریگەرییان لەسەر جەستە چییە؟

 

 
ژیانی مۆدێرنی ئێستا و گۆڕانكارییەكانی، لەگەڵ  ئەو بەرپرسیارێتییانەی كەسێك هەیەتی، كاریگەری لەسەر تەواوی بوارەكانی ژیان هەبووە تەنانەت شێوازی نانخواردن لەڕووی ماوە و كاتەوە، بەجۆرێك چەندین كەس هەن بۆ ئەوەی بە ئەنجامدانی كارەكانیان ڕابگەن، بەخێراییەكی زۆر خواردنی ژەمەكانیان دەخۆن.

 

گۆڤاری فرۆیندنی ئەڵمانی ئەنجامی توێژینەوەیەكی ژاپۆنی بڵاوكردۆتەوە كە لەسەر خواردن بە خێرایی ئەنجامدراوە و باسی لەوە كردووە، ئەو كردارە بووە بەیەكێك لە خووە خراپەكان كە كاریگەری لەسەر تەندروستی لەش هەیە.

 

پسپۆڕە ژاپۆنییەكان لە زانكۆی هیرۆشیما بۆ ماوەی پێنج ساڵ توێژینەوەیەكیان لەسەر 1000 كەسی پێگەیشتوو ئەنجامداوە، بەشداربووەكانیان دابەشكردووە بۆ سێ گروپی جیاواز، یەكەمیان لەوانە بوون كە بڕێكی زۆر كەم خواردن دەخۆن و سیستمی ڕۆژووی زانستی پەیڕەو دەكەن، گروپی دووەم شێواز و سیستمی خواردنیان ئاسایی بووە، بەشی كۆتایش زۆر بە خاوی خواردنیان خواردووە.

 

هیچ بەشداربوویەك نەخۆشی و كێشەی تەندروستی یاخود كەمی و زۆری ماددەكانیان نەبووە، دوای تیپەڕبوونی پێنج ساڵەكە، پشكنین بۆ سەرجەمی بەشداربووەكان ئەنجامدراوە و ئەنجامەكانیان بەم شێوەیەبووە.

 

ئەوانەی بەخێرایی نانیان خواردووە بەڕێژەی 89% ئەگەری توشبوونیان بەجۆرێكی نەخۆشی كۆنیشان یاخود سیندرۆم زیاتربووە، لەوانە قەڵەوی، كۆبونەوەی چەوری هەروەها بەرزبونەوەی فشاری خوێن و بەرگری ئەنسۆلین.

 

تاكیۆكی یاماجی سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە باسی لەوەكردووە ئەوانەی بەخێرایی نان دەخۆن جگە لە زیادبونی كێشی لەشیان ڕوبەڕوی كێشەی تەندروستی دەبنەوە چونكە "كاتێك مرۆڤ بەخێرایی نان دەخوات هەست بە تێربوون ناكات، ئەوەش وادەكات زیادەڕۆیی لە خواردندا بكەن".

 

ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەكەن بەوەی، ئەگەر دەیانەوێت كێشێكی گونجاو و تەندروستییەكی باشیان هەبێت، تەنها گرنگی بە بڕی ئەو خواردنە نەدەن كە دەیخۆن، بەڵكو دەبێت بیر لەوەش بكەنەوە خێرا خواردن زیانی هەیە و بە خاوی و ماوەیەكی زۆر خواردنەكان بخۆن.

908 جار خوێندراوەتەوە