لامەركەزیەت؛ خواستی هەموو پارێزگاكان

KNN : Kurdish News Network
08:49 - 21/02/2021
ڕاپۆرت

ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزی بە پێویستییەكی سەردەمیانە دەزانن و پێیانوایە، بە پەیڕەوكردنی ئەو سیستمە هاوڵاتیان زووتر خزمەتگوزارییان پێدەگات، رۆتین كەمدەبێتەوە و شەفافیەت بەدیدێت، لامەركەزییەت بە هۆكاری بەدیهێنانی دادپەوەری لە گەشەكردنی شارەكان دەزانن.

 

پڕۆژەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزی لە هەرێمی كوردستان و گرنتی بوژانەوەی هەرێم پاراستنی لە دوو ئیدارەیی لە ساڵی (2015) بوو بە دایكی پرۆژەكانی تر، لە خواستی بزوتنەوەیەكەوە بووە بە خواستی زۆربەی حزبەكان و هاوڵاتیان.

 

ساڵی 2015 فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداریی و دارایی راگەیاند، پرۆژەكە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران كرا، دواتر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەیەكی تری ئامادەكرد و رەوانەی پەرلەمان و حكومەتی كرد، بە هەمانشێوە هەردوو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و دهۆك پڕۆژەی خۆیان بۆ پەیڕەوكردنی لامەركەزیەت ئاڕاستەی حكومەت و پەرلەمان كرد.

 

بەلای ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزی پێویستییەكی حەتمییە، لەو رێگەیەوە متمانەی هاوڵاتیان بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و لە رووی خزمەتگوزاری و ئابورییەوە بە قازانجی هاوڵاتیان و قەزا و ناحییەكان دەشكێتەوە.

 

بەوتەی ئەنوەر تاهیر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان، زۆربەی زۆری وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا لە سیستمی ئیداریدا سیستمی لامەركەزی پەیڕەو دەكەن و بوەتەهۆی سەركەوتنی ئیدارەكانیان، لە گرنگی سیستمی لامەركەزیەتەوە فراكسیۆنی گۆڕان ساڵی (2015) پڕۆژەیەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی پاێزگای سلێمانی كردوو رەوانەی حكومەت و پەرلەمان كرا.

 

ئەنوەر تاهیر وتی: "لە پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا داوای سیستمی لامەركەزی كارگێڕی و داراییمان كردبوو، لەبەرئەوەی سیستمی لامەركەزی ئەگەر هەردوو بواری كارگێر و دارایی تێدانەبێت گرنگی ئەوتۆی نابێت و مەهامەكەی بەدینایەت".

 

"لامەركەزی كارگێڕیمان بۆئەوە دەوێت رۆتین كەمببێتەوە و شەفافیەت زیاتر بێت، هاوڵاتی زیاتر بە مەهامەكەی بگات، هەر ناوچەیەك بەپێی تایبەتمەندی خۆی بتوانێت ببوژێتەوە، حكومەتە خۆجێییەکان بەشێك لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەبێت، ئێستا دروستكردنی بەنزینخانەیەك، كارگەی غاز و بیری ئاو چەندینی تری پێویستی بە ئیمزای سەرۆكی حكومەتە، ئەمەش رۆتینی زۆری دروستكردووە و هیچ ئیششێكی هاوڵاتیان بە ئاسانی جێبەجێناكرێت" ئەنوەر تاهیر وای وت.

 

سەبارەت بە لامەركەزی دارایی وتی: "لە پڕۆژەی فڕاكسیۆنی گۆڕاندا زیاتر جەختمان لە لامەركەزی دارایی كردووەتەوە، بەشێوەیەك بە شێك لە داهاتی هەرێم بۆ پارێزگاكان خەرجبكرێت "بەپێی ژمارەی دانیشتوان"، بەمەش دەتوانرێت پرۆژەی خزمەتگوزاری بكرێت، ئەگەر واش نەبێت نادادپەروەری زۆر دەبێت و شارێك زیاتر گەشەدەكات و پێش دەكەوێت لەسەر حسابی شارێكی تر، دەبێت پارێزگاكان دەسەڵاتی رێگەپێدانی پڕۆژەیان هەبێت".

 

پێیشی وایە" لەسایەی نەبونی لامەركەزیەتەوە سەنتەری شارەكان فراوان بوون و نەتوانراوە خزمەتگوزاری بگەیەنێتە قەزا و ناحییەكان و ژیانی شایستەی تێدا فەراهەم بكرێت و بارگرانی لەسەر سەنتەری شارەكات كەمببێتەوە، لەگەڵ ئەوەش دا بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكان هیچ دەسەڵاتێكیان نیە و توانای بڕیاردانی ستراتیجیان نییە بۆ شارەكەیان.

 

دوای شەش ساڵ لە هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەركەزی و تێگەیشتنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە گرنگی و رۆڵی ئەو سیستمە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەشێوەی دادپەروەرانە و بوژانەوەی هەموو ناوچەكان، لە ئێستادا زۆربەی حزبەكان لە گرنگی لامەركەزیەت تێگەیشتوون و داوای پەیڕەوكردنی دەكەن.

 

 نیار عوزێری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی یەكێتی بە دیجیتاڵ میدیای (KNN) وت: "لامەركەزیەت زەروریەتە لە هەرێمی كوردستان، نەك تەنها لە سەر ئاستی  پارێزگاكان بەڵكو لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەكانیش، كاتێك دەسەڵاتەكان شۆڕكرایەوە هاوڵاتی پێویست ناكات مامەڵەكەی بێنێتە هەولێر لە ناحیە و قەزاكەی خۆی بۆی جێبەجێ دەكرێت".

 

ئەو ئەندامەی  فراكسیۆنی یەكێتی جەختیكردەوە" لامەركەزییەت رۆتین كەمدەكاتەوە ئەمەش وادەكات پرۆژەكان بەتایبەت پرۆژەكانی كەرتی تایبەت بە زووی رەزامەندی بۆ وەربگیرێت لەسەر ئاستی پارێزگاكان یان قەزاكە و بكەوێتە سەرپێ، لێرەدا ئەو پەستانەی لەسەر مەركەزیش هەیە كەمدەبێتەوە و وتی: "شەفافیەت بەدێدێت لە لامەركەزیەت دا دەسەڵاتەكان لە دەستی كەسێكدا نامێنێت و دابەشی سەر پارێزگا و قەزا و ناحییەكان دەبێت، ئەمەش رێگری لە گەندەڵی دەكات، هیچ بەرپرسێك دەسەڵاتی تەواوی لانیە بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی".

 

دەشڵێت: "شۆڕكردنەوەی دەسەڵات سودەكەی دولایەنەیە، لەرووی ئابورییەوە خزمەت بە خەڵك دەكات و سودی زۆریشی بۆ حكومەت دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك لە ئێستا زیاتر لە حكومەت رازی دەبێت لە رایكردنی مامەڵەكانی، جگەلەوەش خەڵك دەتوانێت لە ناحیە و قەزاكەی خۆی داواكەی بگەیەنێتە شوێنی مەبەست و بە زووی داواكەی بۆ جێبەجێبكرێت، هاوڵاتی ناتوانێت بگاتە بە وەزیر بەڵام بە ئاسانی دەگاتە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان".

 

سەبارەت بە گرنگی جێبەجێكردنی لامەركەزی لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، لامەركەزی كارگێڕیی و دارایی چەند بۆ سلێمانی و دهۆك گرنگە دوو هێندە بۆ هەولێر گرنگە، لەبەرئەوەی وەزیرەكان لە هەولێرن و شوێنی نیشتەجێبونیان هەولێرە و دەست تێوەردان لە دەسەڵاتی پارێزگا دەكەن لەكاتێكدا ئەو دەست تێوەردانانە لە پارێزگای دهۆك و سلێمانی ناكەن.

 

سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك پێیوایە، بەراورد بە پارێزگاكانی تر پارێزگای دهۆك سودمەندی یەكەم دەبێت لە پەیڕوكردنی سیستمی لامەركەزی كارگێڕیی و دارایی دا بەو مەرجەی حكومەت پەسەندی بكات و حزبەكان پشتیوانی بكەن، لەگەڵ ئەوەش دا پەیڕەوكردنی سیستمەكە كاریگەری نەكاتە سەر قەواری هەرێمی كوردستان.

 

رزگار سدیق سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: "پارێزگاکەمان حەقێتی لەرووی دامەزراندنەوە (25%) هەرێمی بەركەوتبێت، بەڵام ئەو پەڕی لە (13%) تێپەڕ ناكات، پارێزگای دهۆك دەروازەی سنوری زۆرە و لە روی گەشتیارییەوە بەراورد بە شارەكانی تر دەوڵەمەندە، ئەگەر سیستمی لامەركەزی دارایی و كارگێریی پەیڕەوبكرێت لەكاتێكدا دانیشتوانەكەی زیاتر پابەندن بە پێدانی باج ئەوا داهاتی زۆری دەبێت".

 

وەك سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت، پارێزگاکەیان سودمەندە لە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی لەو رێگەیەوە دەتوانرێت خزمەتی زیاتر بە دانیشتوانی دهۆک بكرێت و خزمەتگوزاری زیاتر پێبگات.

702 جار خوێندراوەتەوە