داوا یاساییەکان واز لە ترەمپ ناهێنن

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 19/02/2021
جیهان

دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى پێشوى ئەمەریکا روبەڕوى داوایەکى یاسایى دیکە دەبێتەوە و لەلایەن نوێنەرێکى دیموکراتەکان لە دادگاى فیدڕاڵى سکاڵاى لەسەر تۆمار دەکرێت.

لە کاتێکدا پێشتر وەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، پارێزبەندی هەبوو لەوەی کە بەهۆی تاوان و ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى دەکران نەدرێتە دادگا، بەڵام ئێستا ئەو هاوڵاتییەکی تایبەتە و چیتر پارێزبەندی سەرۆکایەتی نایگرێتەوە و خەریکە کێشە یاساییەکان لەسەرى کەڵەکە دەبن.

چەند رۆژێک دواى ئەوەى لەسەر ئاڵۆزیەکانى روداوەکەى سەر کۆنگرێسى ئەمەریکا؛ بێتاوان دەرچوو، بەڵام لە ئێستادا و لەسەر هەمان دۆسیە لە دادگای فیدراڵی لەلایەن بێنی تامپسۆن بەرپرسی کۆمیتەی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجومەنی نوێنەران سکاڵایەکى دیکە لەسەر ترەمپ تۆمار کراوە.

سارا تەبرڤیل لە پڕۆژەی چاودێری کردنی حکومەت رایگەیاندوە، لێکۆڵینەوەی بەردەوام لە نیویۆرک و سکاڵاکانی تری دژی ترەمپ، ڕەنگە بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بن.

هاوکات جەیسن میلەر وتەبێژی سەرۆکی پێشوى ئەمەریکا لەبارەى لێکۆڵینەوەو سکاڵاکان لەسەر ترەمپ دەڵێت: "ئەو سکاڵایانە تەنها بابەتى حزبایەتییە کە ئێمە لە دیموکراتە حزبییەکانەوە دەیبینین."

190 جار خوێندراوەتەوە