سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی
راستەوخۆی کەناڵی (CNN) رایگەیاند،"بەدرێژایی چوار ساڵی رابردوو هەموو هەواڵەکان دەربارەی
ترەمپ بوون، لە چوار ساڵی داهاتوودا، هەموو هەواڵەکان دەربارەی گەلی ئەمریکا دەبن،
ئیدی لە قسەکردن لەسەر ترەمپ بێزاربووم".
جۆ بایدن وتیشی: "لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ
وەک پێویست ئامادەکاری نەکراوە بۆ هەڵمەتی ڤاکسیندان، کاتێک ئێمە هاتینە سەر
دەسەڵات بڕێکی زۆر کەم ڤاکسین هەبوو، بەپێی ئەو گرێبەستانەی واژوومان کردوون تا
کۆتایی مانگی تەمووز، (600) ملیۆن ژەمە ڤاکسین وەردەگرین، بەم شێوەیە بەشی هەموو
هاوڵاتییان ڤاکسینمان دەبێت".
جەختی لەوەشکردووە، کە سوورن لەسەر دەرکردنی پاکێجی یەک
ترلیۆن و (900) ملیار دۆلاری بۆ
هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوانی کۆرۆنا.
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی
پرسی پەنابەران گرت و ئەوەی ئاشکرا کرد، کە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ کار لەسەر ئەوە
دەکەن مافی هاووڵاتیبوون ببەخشن بە (11) ملیۆن پەنابەری نایاسایی، کە لە ئێستادا لە
ئەمریکان، هەروەها سنووردارکردنی رێگەدان بە هاتنی پەنابەران کە لە سەردەمی ترەمپ
بۆ پێنج هەزار کەمکرابووەوە دووبارە بۆ (125)هەزار بەرزدەکرێتەوە.
جۆ بایدن دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین باسی لەوە
کرد، کە لەگەڵ چین لە زۆر بواردا لە رکابەریدان و دەربارەی نیگەرانییەکانیان لە
دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبن لە گەیاندنی نیگەرانییەکانیان بە
حکوومەتی پەکین.
485 جار خوێندراوەتەوە