ئەو پێشنیازانە چین کە سبەینێ شاندى حکومەتى هەرێم دەیباتە بەغدا

KNN : Kurdish News Network
09:20 - 23/01/2021
کوردستان

سبەینێ یەکشەممە شاندێکى حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکى هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی (2021)ی عێراق دەچێتەوە بەغدا، لە ئەگەرى رێککەوتن یان رێکنەکەوتن چەند بژاردەیەک لەبەردەم حکومەتدان لەپێناو دابشەکردنى مانگانەى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان.

کۆبونەوە و دیدارى سەرەتاى شاندەکەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەدا بۆ بەغدا، لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنى نوێنەران دەبێت، ئەویش بۆ جێگریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە کە بە رێژەی (12.67٪) دانراوە لەسەر بنەمای رێککەوتنی ساڵی (2019)، کە تێیدا حکومەتى هەرێم پابەند کراوە بە پێدانى (250) هەزار بەرمیلی رۆژانە بە حکومەتی عێراق.

دیجیتاڵ میدیا(KNN)، زانیویەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پشکى هەرێمى کوردستان، لە ناو پەرلەمانی عێراقدا دوو بۆچون هەیە بۆچونێکیان ئەوەیە کە لەرابردودا رێککەوتنى لەسەر کراوە لەبەرامبەر رادەستکردنى (250) هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، بەڵام دوەمیان بۆچونێکى سیاسییە کە بەشێک لە شیعەکان داوای رادەستکردنی هەموو دۆسیەی نەوت دەکەن بە عێراق، وەک یەکێک لە ئەندامانی شاندى هەرێم دەڵێت: هەندێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانیش پشتییوانی ئەم بۆچونە دەکەن.

وەک ئەندامەکەى شاندەکە بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN) وت: گرفتەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان ئەگەر کۆی دۆسیەی نەوتیش رادەست بکات، حکومەتى فیدراڵ ناتوانێت (900) ملیار دینارى مانگانە بداتە هەرێم.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیاى(KNN) لە ئەگەری رێکنەوتنیش لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، دوای هەڵسەنگاندنی وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان و پلاندان، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێشنیاز کراوە هەموو (30) رۆژ جارێک موچە دابەشبکرێت، بە گوێرەی داهاتی ئەو مانگە.

دوای جەختکردنەوە لەو زانیارییە بەپێی بەدواداچونێکی رۆژنامەوانی، دەرکەوت لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بە فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ، مانگانە بڕی (250) ملیۆن دۆلار کورتهێنانی دەبێت، بۆ موچەی مانگێکی موچەخۆرانی هەرێم، بۆیە ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا حکومەت توانای پێدانی موچەی مانگانەی دەبێت بە مەرجى بڕینى رێژەیەک لە موچەى فەرمانبەر و پلە باڵاکان و رەچاوکردنى دابینکردنى پێداویستیەکان بۆ کەرتە خزمەتگوزارییەکان.

کە ئەوەى تائێستا پەیڕەوکراوە و ئەگەرى بەردەوامیى هەیە پێدانى (21٪)ی موچەى فەرمانبەران و بڕینى (50%)ى موچەى پلە باڵاکانە.

بۆیە، دوایەمین رێگە بۆ رێککەوتن و ئەو پێشنیازانەى وەفدی حکومەتی هەرێم رۆژی یەکشەممە دەیبەنە بەغدا و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، جەختکردنەوەیە لە رێکەوتنی پێشوی وەفدی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق وەک لە پرۆژەکەدا چوەتە بەردەم پەرلەمانی عێراق و لیژنەى دارایى، کە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و رادەستکردنی (50٪)ی داهاتی ناوخۆ و لەبەرامبەردا، بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم وەک ئەوەى لە رەشنوسى پڕۆژەى بودجەدا هاتووە بنێرێت.

هەرچەندە، پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت ئەستەمە ئەو پێشنیارەی وەفدی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن وەک خۆی جێبەجێبکرێت، چونکە بەشێک لە لایەنە شیعەکان رازی نابن بەبێ رادەستکردنی هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەک رەوانە هەرێم بکرێت.

ئەو بڕگانەی تایبەتن بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە ناو پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێت، بۆیە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: تاکە رێگە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغداد چونی وەفدێکی سیاسییە بۆ بەغدا لەپێناو هێنانە کایەى رێککەوتنێکی نوێی نێوان کورد و شیعە.

بەپێی لێکدانەوەی دۆخەکە، باشترین بژاردە بۆ باشکردنى لانى کەمى گوزەرانى خەڵک و موچەخۆران، هاوکات لەگەڵ بەردەوامى هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق، ئەنجامدانى چاکسازیى ریشەییە لە داهات و خەرجى هەرێمى کوردستان و کۆکردنەوەى کۆى داهاتە بۆئەوەى لانى کەمى 30 رۆژ جارێک موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبکرێت.

2599 جار خوێندراوەتەوە