حکومەتى عێراق موچەى فەرمانبەرانى بەنداوەکانى دوکان و دەربەندیخانى راگرتووە

KNN : Kurdish News Network
05:42 - 23/01/2021
کوردستان
+
-

لە یاداشتێکدا کە ئاراستەى سەرۆکایەتییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیان کردووە، فەرمانبەرانى بەنداوەکانى دوکان و دەربەندیخان رایدەگەیەنن؛ ئێمە کە گرنگترین دوو بەنداوین لەسەر ئاستى عێراق، بەڵام حکومەتى عێراق عێراق موچەکانیان راگرتوین تەنها لەبەر ئەوەى بەنداوەکان لەناو سنورى هەرێمى کوردستاندان.

دەشڵێن: ئەم دوو بەنداوە (30%)ى ئاوى گلدراوەى ستراتیژى هەموو عێراق پێکدەهێنن، خزمەتێکى زۆر دەکەن بە ڕوبەرێکى فراوانى کشتوکاڵى و پڕۆژەى گەورەى ئاودێرى و زیاتر لە پێنج ملیۆن لە دانیشتوانى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدڕاڵى.

ئاشکرایان کردووە، فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم بە بەنداوى دهۆک و ناوەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى، تەنها (400) فەرمانبەرن کە کۆى موچەى مانگانەیان کەمترە لە (370) ملیۆن دینارى عێراقى.

لە یاداشتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە مانگى (8ى 2020)، سەرۆک وەزیرانى عێراق نوسراوێکى زۆر بەپەلەى ئاراستەى وەزیرى دارایى عێراق کردووە بۆ ئەوەى موچەى ئەو کارمەندانە خەرج بکرێت تا کۆتایى ساڵ، بەڵام وەزارەتى دارایى بەبیانوى کێشە لەگەڵ هەرێم خەرجى ناکات.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە رۆژى (21ى1ى2021) دەستى کردووە بە پێدانى موچەى مانگى کانونى دووەمى (2021) بە فەرمانبەران، بەڵام تا ئێستا کارمەندانى بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان موچەى مانگەکانى (10 و 11 و 12)ى ساڵى رابردویان وەرنەگرتووە.

باسیان لەوەشکردووە، ئەمڕۆ (120) رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە و بێبەشکراون لە مافەکانیان.

هۆشداریش دەدەن، لە چارەسەرکردنى کێشەکەیان، ئەگەر نا بایکۆتى دەوام لەم وەرزى باران و لافاوەدا کاریگەرى و مەترسى لەسەر بەنداوەکان دروست دەکات.

501 جار خوێندراوەتەوە