نانسى پیلۆسى: نابێت ترەمپ بەبێ دادگایى کردن کۆشکى سپى جێبهێڵێت

KNN : Kurdish News Network
08:56 - 14/01/2021
جیهان
+
-

هەرچەندە پێنج رۆژ لە ماوەى سەرۆکایەتییەکەى ماوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بوو بەیەکەم سەرۆکى ئەمەریکا لە ماوەى حکومڕانییەکەى دوو جار لێپرسینەوەى لێدەکرێت، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمەریکاش دەڵێت: نابێت بەبێ دادگایى کردن بۆى دەربچێت.

لە کۆبونەوەى دوێنێیدا، ئەنجومەنى نوێنەران بەدەنگى (232) ئەندام پڕۆژە بڕیارى لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ، پەسەند کرد، ئەوەش بە تۆمەتى هاندان و توندوتیژى و رێز نەگرتن لە سەروەرییەکان.

لاى خۆیەوە، نانسى پیلۆسى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمەریکا، جەختى کردەوە کە ناکرێت ترەمپ بەبێ دادگایى کردن کۆشکى سپى جێبهێڵێت و هەر بۆیە بڕیاڕە پڕۆژە بڕیارەکە رەوانەى ئەنجومەنى پیران بکات بەمەبەستى پەسەند کردن و دورخستنەوەى تڕەمپ.

پێشتر ترەمپ، بەهۆى مامەڵەى خراپى لەگەڵ ئۆکرانیا لێپرسینەوەى لێکرا، بەوەش بوو بەیەکەم سەرۆکى ئەمەریکا لەماوەى سەرۆکایەتییەکەى دوو جار لێپرسینەوەى لێدەکرێت.

لێپرسینەوە لە ترەمپ بەھۆی تۆمەتباربوونیەتی لە ھێرشكردنى لایەنگرانى بۆسەر کۆنگرێس.

 

هەر سەرۆکێکى ئەمەریکا بە پێى یاساکان ئەگەر بێت و متمانەى لێبسەنرێتەوە ئەو مافانە لە دەست دەدات:

یەکەم: بڕینى موچەى ساڵانەکەى کە لە (200) هەزار دۆلار زیاترە.
دووەم : بڕینى دەرماڵەى گەشتە ساڵانەکانى کە دەگاتە ملیۆنێک دۆلار.  
سێیەم : لێسەندنەوەى پاسەوانى فیدڕاڵى بە درێژایى تەمەنى.
چوارەم: ناتوانێت بۆ خولەکانى داهاتوو خۆى هەڵبژێرێتەوە و لە هەر پۆستێکى دیکەى دەوڵەتیش وەرناگیرێت


هەرچەندە دوێنێ پێش کۆبونەوەى ئەنجومەنى نوێنەران، ترەمپ داواى لە ئەمەریکییەکان کرد کە دان بەخۆیاندابگرن و پێشێلکارى یاسایى و توندوتیژى ئەنجام نەدەن، بەڵام وادیارە رێکارەکان بەو شێوەیەن نەتوانرێت ئەو پێنج رۆژەى لەسەر کورسى سەرۆکایەتى ماوەیەتى بەبێ لادان دەربازى نەبێت.


815 جار خوێندراوەتەوە