عێراق یەکەمین وڵاتى دراوسێیە بۆ ئیران کە
زۆرترین شمەک و کاڵاى ئێرانى هاوردە بکات، وەزیرى وزەى ئێرانیش رایدەگەیەنێت:
دەیانەوێت ئاستى هاوردە و هەناردە لە نێوانیاندا بۆ سەروى (20) ملیار بەرز
بکەنەوە.
رەزا ئەردەکانیان، وەزیرى وزەى ئێران لە کۆبوونەوەی
بازرگانی کۆمیسیۆنی هاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق وتی: لە هەوڵداین ئاستی
هاوردە و هەرناردەى بازرگانی (ئێران و عێراق) بۆ سەروى (20) ملیار دۆلارى ساڵانە
بەرز بکەینەوە.
وتیشى: گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستى بە چارەسەرکردنى
لەمپەرە گومرگییەکان و دراو و بانکی و گواستنەوەی پارە و رێگەدان بە کەرتی تایبەتە.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەپێى ئامارێکى نوسینگەى
کاروبارى عەرەبى و ئەفریقى لە رێکخراوى گەشەپێدانى بازرگانى ئێران، ئاستى هاوردەى
ئێران بۆ عێراق لە سەرەتاى مانگى (3ى 2020) تا کۆتایى مانگى (12)، (5.9) ملیار
دۆلار بووە.
ئەوەش ئاسکراکراوە کە عێراق یەکەمین وڵاتى
دراوسێیە بۆ ئێران کە زۆرترین کاڵاو شمەکى ئێرانى هاوردە دەکات.
پێشتریش، فەرزاد پیتلن، بەرپرسی گشتیی رێکخراوی
بازرگانیی ئێران رونى کردبویەوە کە زۆرترین رێژەی ئەو هەناردەکردنە لە رێگای سنوور
و رێڕەوەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت و لە هەرێمیشەوە دەگاتە
هەموو ناوچەکانی عێراق.
گاز و کارەبا، تەماتە و میوە و سەوزە، کاشی و
سرامیک، شامی، فێنک کەرەوە، دۆشاوی تەماتە، پەنێر و بیسکویت و چەند بەرهەمێکى دیکەى
باغە و پلاسکۆ و ئاسن، لە کاڵا دیارەکانى ئێرانن کە هەناردەى عێراقیان دەکات.
493 جار خوێندراوەتەوە