تەندروستى جیهانى: کۆرۆنا بە دوو مەرج کۆنتڕۆڵ دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
02:00 - 08/01/2021
تەندروستی

چەند هەفتەیەك پێش ئێستا هەڵمەتەكانی كوتان بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەستی پێكرد، ملیۆنان كەس لەسەر ئاستی جیهان بیستنی ئەو هەواڵە دڵخۆشی كردن، بەڵام لەناكاو هەواڵی دەركەوتنى جۆرێكی نوێی كۆرۆنا بە بەهێزتر لەو جۆرەى پێشخۆى؛ لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا دواتر چەند وڵاتێكی دیكە، هەمووانی توشی شۆك كرد و كەسانێكی زۆری بێ هیوا كرد.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هێشتا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو جۆرە نوێیە دەكات و ئاشكرای دەكات، لەگەڵ ئەو بەربەستانەی هاتونەتە پێش چەند ئاماژەیەك هەیە بۆ ئەوەی (2021) ساڵی سەركەوتن بێت بەسەر كۆرۆنادا، بەڵام ئەوە پێویستی بەجێبەجێكردنی دوو مەرجە؛ ئەوانیش "پاكوخاوێنی، خۆپارێزی".

نەریتەكانی خەڵكی
مارگرێت هاریس وتەبێژی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە تۆڕی بی بی سی بەریتانی ڕاگەیاندووە، لەكاتی هەڵمەتەكانی كوتاندا زۆر گرنگە پارێزگاری لە ڕێژەیەكی كەمی توشبوون بكرێت، ئەوەش پەیوەندی بە نەریت و ڕەفتاری خەڵكییەوە هەیە، هەروەها هەستكردن بە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە.

"ڤاكسینەكە كاریگەر نابێت تاوەكو ژمارەی توشبووان كەم نەبێتەوە، لەو كاتەشدا دەتوانین بڵێن مرۆڤ بەسەر پەتاكەدا سەركەوت" هاریس بەو شێوەیە باسی كاریگەرییەكانی ڤاكسینەكە دەكات لەسەر كەمكردنەوە ڕێژەی توشبوون.

وتەبێژەكەی تەندروستی جیهانی جەختی كردۆتەوە لەسەر هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوون بە دەست شتن و خاوێنكردنەوەی، هەروەها پارێزبەندی و دووری نێوان كەسەكان.

ملیۆنان توشبوو
ئەمانە لەكاتێكدایە ژمارەی توشبووان لە جیهاندایە لەهەڵكشانێكی بەردەوامدایە و چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆماركراوە، بەنمونەش ئەمەریكا كە ژمارەی توشبووان بە كۆرۆنا (22) ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.

بەپێی ئامارەكانیش لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی توشبووان زیاتر لە (88) ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، ئەوانەش كە گیانیان لەدەستداوە نزیك دەبنەوە لە دوو ملیۆن كەس.

تائێستاش لە (210) وڵات و ناوچەی جیاواز حاڵەتەكانی توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆماركراوە.

3219 جار خوێندراوەتەوە