هێشتا جیهان لە مۆتەكەی جۆری یەكەمی كۆرۆنا رزگاری
نەبووە، دەركەوتنی جۆرێكی دیكەی كە بە ڕێژەی (70% ) بە مەترسیدارتر ناودەبرێت، بۆتە
باسی گەرمی هەمووان و دڵخۆشییەكانی دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای كەمكردەوە.
پرۆفیسۆر پیتەر ئۆپینشۆ پسپۆڕی كۆئەندامی بەرگری
لەش لە ئێمپریاڵَ كۆلێدج لەندەن ئاشكرای دەكات، ئەو زانیارییانە لەبارەی جۆرە نوێكەوە
زانراوە مایەی ترس و دڵەڕاوكێیە، بەتایبەت لەتوانای گواستنەوەكەیدا كە بەڕێژەی (40%
بۆ 70% ) زیاترە بەراورد بە جۆری یەكەم.
لای خۆیەوە پرۆفیسۆر جۆن ئیدمۆندز، لە كۆلێژی لەندەن
بۆ تەندروستی و پزیشكی لە ناوچە مەدارییەكان باسی لەوەكردووە، زانیارییەكان لەبارەی
جۆرە نوێكەوە دڵخۆشكەرنین، چونكە توانای گواستنەوەی زۆر بەهێزترە لە جۆری پێشوو.
(300) هەزار جۆر
ئاژانسی فرانس پرێس زانیارییەكی ئەكسڵ كان كە
شارەزایەكی فەرەنسییە لە بواری زانستی بۆماوەیی بڵاوكردۆتەوە، ئاماژە بەوە كردووە،
تائێستا (300) هەزار جۆری كۆڤید-2 كە ڕەچەڵەكی كۆرۆنایە، لە جیهاندا دۆزراوەتەوە.
"تاژمارەی توشبووان زیاتر بێت، ئەگەری گۆڕانكاری و زیادبونی جۆرەكانی ڤایرۆسەكە
زیاتر دەبێت، ئەو گۆڕانەش بەشێوەیەكی نا جێگیر و ناڕێخراو دەبێت"، ئەكسڵ كان
بەو شێوەیە باسی ئەگەری گۆڕانكاری دیكە دەكات لە ڤایرۆسەكەدا.
ئەم جۆرە نوێیە بە (N501Y) دەناسرێت و بەهۆی گۆڕانكاری لە پڕۆتینی
دڕكێكی سەر ڕوكاری ڤایرۆسەكە دروست بووە و بەهۆی ئەو دڕكەوە بە مرۆڤدا دەنوسێت و
خانەكانی دەبڕێت و دەچێتە ناو لەشەوە.
لەلایەكی دیكەوە دكتۆر جولیان تانگ مامۆستای
زانكۆی لیستەر دەڵێت :"ئەم جۆرە نوێیە لە چەند كاتێكی جیاوازدا لە چەند وڵاتێكی
دەرەوەی بەریتانیا بڵاوبۆتەوە، لە مانگەكانی حوزەیران و تەموز لە ئوستورالیا، هەروەها
لە مانگی تەموزدا لە ئەمریكا و لەمانگی نیسانیشدا لە بەرازیل".
پرۆفیسۆرێكی دیكە كە تیشكی خسستۆتە سەر جۆرە نوێكەی
كۆرۆنا، جولیا هیسكۆكس لە زانكۆی لڤەرپوڵە و ئاماژە بەوە دەكات، ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام
لە گۆڕاندایە بۆیە دەركەوتنی جۆرێكی نوێی شتێكی نامۆ نییە، ئەوە گرنگە بزانرێت ئایا
جۆرە نوێكە هیچ تایبەتمەندییەكی هەیە كە كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤایەتی و شێوازی
دەستنیشانكردن و ڤاكسینەكانی دروست بكات.
دەركەوتنی ئەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا لە بەریتانیا
ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری دروستكردووە، چەندین وڵات گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەكانی بەریتانیا
ڕاگرتووە، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند "نەخۆشییەكە
لە كۆنترۆڵ دەرچووە".
1314 جار خوێندراوەتەوە